لەتیف ڕەشید: داواکارم هەموو حزبەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێگەیشتن پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد. 

 لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لە وتارەکەیدا گوتی: "پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان دەکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانەوە، هەروەها لەگەڵ پرۆسەی سەرژمێریی لە کوردستان و هەموو عێراقدا."

گوتیشی: "داواکارم لە هەموو ئەو حزبانەی کە کورسیی پەرلەمانیان بە دەست هێناوە، لە ڕێگەی گفتوگۆ و تێگەیشتن دانیشن و پەلە بکەن لە پێکهێنانی حکوومەتێکی تازە."

سەرۆک کۆمار دەشڵێت: "هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی لە بانگەشەی هەڵبژاردن ڕوویان دا کۆتایی پێ بهێنین، هەموومان پێکەوە هەوڵ بدەین بۆ پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز کە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکات، لە ئاستی داواکاری خەڵکدا بێت، بتوانن کێشەکان چارەسەر بکەن."

سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەش دا "لە ململانێی سیاسیدا تەنیا خەڵکی وڵاتەکەمان باجەکەی دەدات و ئاشکراشە گەل سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتێکە."

باسی لەوەش کرد "عێراق و ناوچەکە بە بارودۆخێکدا تێ دەپەڕێت، کە لەسەر هەموو لایەک پێویستە دراسەی بارودۆخەکە بکەین، پێکەوە چارەسەری گونجاوی بۆ بکەین و هەوڵ بدەین کێشەکان چارە بکەین و هەوڵ بدەین ئاشتیی و ئاسایش بەردەوام بێت و بەرقەرا بێت."

لەتیف ڕەشید ڕاشیگەیاند "ئەزموونی ناوچەکە فێری کردووین بەبێ ئەمن و ئاسایش، ناتوانرێت هیچ پێشکەوتنێک و ئاوەدانییەک بەدەست بهێنرێت، گەلانی عێراق بۆ ماوەیەکی دوور و درێژ بەدەست ڕژێمی بەعس، کێشەی ناوخۆ، شەڕی تیرۆرەوە قوربانییەکی زۆریان پێشکەش کرد، ڕژێمەکانی پێشوو توندوتیژییان پەیڕەو دەکرد، ئەوەشیان کردبوو بە ڕێبازی خۆیان بۆ سیاسەتی کاروباری خۆیان و دەرەوەی وڵات."

شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.