سەرۆک بارزانی: دەست لە ئاین و داب ونەریتی خۆمان هەڵناگرین، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە لە ئێمە ڕازی بێت

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد. 

سەرۆک بارزانی لەگوتارەکەیدا گوتی: "خاڵێکی دیکەش هەیە، هەر میللەتێک و نەتەوەیەک و ناوچەیەک داب و نەریتی خۆی هەیە، هەندێک پەیوەندی بە ئاین و مەزهەبەوە هەیە، ناکرێت لەدەرەوە ئەوەی لای ئەوان ڕەوا بێت، بێن بڵێن لەسەر خەڵکی دیکەش فەرزی دەکەین، لە کوردستان و عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خەڵکەکەی دیندارە، چ موسڵمان، یان مەسیحی چ ئاینی دیکە. نابێت بەوشێوەیە هەڵسوکەوت بکرێت ئەوەی لای ئەوان ڕەوایە لێرەش پەیرەو بکرێت، ئەبێت ڕێز لە هەستی یەکتر بگیرێت، ئێمە بەش بەحاڵی خۆمان ئامادە نین دەست لە ئاین و مەزهەب و داب ونەریتی خۆمان هەڵبگرین، بۆ ئەوەی کەسێکی دیکە لە ئێمە ڕازی بێت".