پارێزگاری دهۆک: کۆڕبەندی مێپس گەنجانی ئێمەی پێ گەیاندووە
هەینی، 22-11-2024، د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لەمیانی بەشداریی لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24 لە پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک، ڕایگەیاند: "بەڕێوەچوونی پێنجەمین كۆڕبەندی مێپس لە دهۆك، ئامادەبوونی میوانەكان، لەم باردۆخە ناهەموار و شەڕ و ئاڵۆزییەی ناوچەكە، وا دەكات ئێستە هەموو چاوەكان لەسەر شارەکەمان بن."
پارێزگاری دهۆک باسی لەوەش کرد "بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەی مێپس لە دهۆک، کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەنجانی شارەکەمان هەبووە و وای کردووە، بە شێویەکی باشتر و خێراتر، لە زۆر ڕووەوە پێ بگەن، بە تایبەت قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگەکان."
پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوەش کرد "بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە، پەیوەندییەکانی زانکۆکەی لەگەڵ زانکۆکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانی بەرەوپێش بردووە و هەر بەم هۆیەوە، ساڵانە چەندان قوتابی بۆ خوێندنی ماستەر و دکتۆرا لەو زانکۆیانە دەخوێنن."