گوتەبێژی پارتی: دەمانەوێت هەموو لایەنەکان لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکان بەشدار بن
گوتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، سەردانەکانی ماوەی ڕابردوویان بۆ لایەنەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ نەبووە و دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی، سەردانەکانیان بۆ ئەو مەبەستە دەست پێ دەکەن.
هەینی، 22-11-2024، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "سەردانی پێشووی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، بۆ پێکهێنانی حکوومەت نەبووە، بەڵکوو ئامانج لێی ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە بووە کە ڕەنگە هەندێک لایەن هەیانبووبێت."
بـە گوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی "دۆخەکە هەستیارە و پارتی دەیەوێت هەموو لایەنەکان شان بدەنە ژێر بەرپرسیارێتی و بەشدارییان هەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان."
مەحموود محەممەد باسی لەوەش کرد "دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕەزامەندیدان لەسەر ئەنجامەکان، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، دەست بە سەردانی لایەنەکان دەکات."