مەسرور بارزانی و باڵیۆزی بەریتانیا: پێویستە حکوومەتێکی یەکگرتووی گشتگیر پێک بهێنرێت
هەینی، 22-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە شاری دهۆک، پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، بابەتی سەرەکيی کۆبوونەوەکە "تایبەت بوو بە ئامادەکارییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر پێکهێنانی حکوومەتێکی یەکگرتووی گشتگیر، کە لە زووترین کاتدا دەست بەکار بێت و بەبێ جیاوازی، خزمەتی هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بکات."
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "جەخت لە گرنگیی دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکان و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە. هەروەها بیروڕا لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا ئاڵوگۆڕ کرا."