فوئاد حوسێن بۆ کوردستان24: كێشەی مووچە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، ناوچەكە هەمووی دەكوڵێت و هەموو هەوڵێك دەدەن عێراق لە شەڕ دوور بخەینەوە. ئاماژەی بەوەش کرد، كێشەی مووچە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە.

هەینی، 22-11-2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەمیانی بەڕێوەچوونی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس لە شاری دهۆک، بە نەورەس عەبدوڵلا، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەڕێوەچوونی کۆڕبەندەکە لە کاتێکدا کە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێت، گرنگی خۆی هەیە و ئەوانەی هاتوون بەشداریی بکەن، هەمووان کەسانی پسپۆڕن."

بە گوتەی فوئاد حوسێن "ناوچەکە بە کاتێکی هەستیار و ئاڵۆزدا تێ دەپەڕێت و عێراقیش بەشێکە لە ناوچەکە، هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی عێراق لە شەڕ دوور بخەینەوە.. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی ناوچەکە قسەمان کردووە و بەردەوامین."

لەبارەی دواكەوتنی ڕەوانەکردنی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، وەزیری دەرەوە گوتی: "ئەو كێشەیە تەنیا پەیوەندیی بە هەرێمی كوردستانەوە نییە، بەڵكوو پەیوەندیی بە دۆخی گشتیی دراو لە عێراق هەیە و هیوادارم چارە ببێت."