فوئاد حوسێن: هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر عێراق جددین
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، نامەی حکوومەتی نەتانیاهو بە عێراق گەیشتووە و دەڵێت: لە عێراقەوە گرووپە چەکدارەکان هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.
هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی پانێلی کۆڕبەندی مێپس گوتی: ناوچەکە لەژێر ئاگرە و عێراق بەشێکە لەناوچەکە، ئێمە نیگەرانین لە دۆخی ناوچەکە، ئێستا هەڕەشەی ئیسرائیل لەسەر عێراق هەیە، نامەی نەتانیاهو گەیشتە دەستمان، نامەیەکیش لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، ناتانیاهو دەڵێت: گرووپە چەکدارەکان لە عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر ئیسرائیل.
وەزیری دەرەوەی دەشڵێت: حکوومەتی عێراق شەڕی ناوێ و ئێمە بەشێک نین لە شەڕ و دەمانەوێت شەڕ دوور خەینەوە، گەڤەکان زۆر جدیین و هەستییان پێدەکرێت.
گوتیشی: سەرۆک وەزیران لەگەڵ سیاسییەکان و سەرکردەکانی لایەنی شیعی باسی مەترسی بارودۆخەکە دەکات، لەگەڵ سەرکردەکانی گرووپەکان سەرۆک وەزیران لە پەیوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ لایەنی ئێرانیش، ئێمە باس لە واقیعەکە دەکەین.
هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.