فوئاد حوسێن ناوەڕۆکی نامە هەڕەشە ئامێزەکەی ئیسرائیل بۆ عێراق ئاشکرا دەکات

فوئاد حوسێن
فوئاد حوسێن

وەزیری دەرەوی عێراق ناوەڕۆکی نامەکەی حکوومەتی ئیسرائیل بۆ حکوومەتی عێراقی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: ئیسرائیل بە ڕوونی لە نامەیەکدا ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن، بۆیە بەپێی ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان مافی بەرگریی لەخۆ کردنی هەیە.

هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چوارچێوەی پانێلی کۆڕبەندی مێپس گوتی:گەفی دیار هەن لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیلەوە، نامەیەک پێشکەشکراوە بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەیەوە، هاوکات بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش لەلایەن حکوومەتی نەتانیاهوەوە، ئەو نامەیە ئاماژە بەوە دەکات کە هێرشەکان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامن، ئەوەش ماف بە ئیسرائیل دەدات بەرگریی لەخۆی بکات، هاوکات ئاماژەی بە ماددەی 51 کردووە لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەمە تایبەتە بە مافی بەرگریی لە خۆت، هەروەها قسە و باسی میدیایش هەن کە دەڵێن: هێرش دەکرێتە سەر عێراق.

وەزیری دەرەوەی عێراق دەڵێت: دوای ئەمە نامەی گوتن یاخود نووسین گەیشتە دەستمان لەلایەن حکوومەتی نەتانیاهۆوە، هەنگاوی دواتر ئەوە بوو نامەیەک هەبوو لەلایەن سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەمە واتای ئەوەیە هەنگاوی پێشەکی هەن و ماندوومان دەکەن، تایبەت بە هێرشکردنە سەر عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە.

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.