هیوا ئەفەندی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی نەخشە ڕێگەی بۆ بە دیجیتاڵ کردنی حکوومەت داڕشت

هیوا ئەفەندی
هیوا ئەفەندی

هیوا ئەفەندی،سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانی پانێلی کۆڕبەندی مێپس گوتی: سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی نەخشە ڕێگەی بۆ بە دیجیتاڵ کردنی حکوومەت داڕشت.

هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024، هیوا ئەفەندی،سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پانێلێکی مێپس گوتی: سۆمەرییەکانی عێراق نووسینیان داهێنا، ئێمە دەستمان بە تۆمارکردنی زانیارییەکان کرد، بەڵگەنامە کردنی ئەو نووسینانەی لەسەر قوڕن.

گوتی: ئەگەر سەیری گەشەکردنی تەکنەلۆژیا بکەین کە چ کارێکی لەو ڕێگەیەدا کردووە، دەبینین زۆر ناوازە بووە، پێنج هەزار ساڵی ڕابردوو زۆر گرنگترن لەو هەموو هەزاران ساڵەی ڕابردوو، چونکە زیاتر دەزانین لەبارەی ئەو پێنج هەزار ساڵە لە تێکڕای هەزاران ساڵی ڕابردوو، بۆیە دەبێت لە داهاتوو بڕوانین.

هیوا ئەفەندی ئاماژەی بەوە کرد کە، چینییەکان 2500 ساڵ پێش ئێستا کاغەزیان داهێنا، ئەڵمانەکان چاپخانەیان لە سەدەکانی ناوەڕاست داهێنا، لە 1914 تەلەگراف دروست کرا و مۆرسکۆ لە واشنتنەوە دەنێردرێت بۆ پایتەختەکانی دیکەی جیهان، لە 1947باس لە بگۆڕەکان دەکرێت، باس لە کۆمپیوتەر دەکرێت کە ئێستا ئێمە هەمانە، هەموو ئەو گەشەکردنە کەڵەکەبووی ئەو دۆزینەوانەیە کە لە سلیکۆن و جۆرمانیۆمەوە دروستکراون، دواتر بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەتەکان ئینتەرنێت هاتە کایەوە، ئەمڕۆش ئەی ئای کاریگەریی لەسەر ژیانی هەر یەکێک لە ئێمە هەیە.

ئەفەندی دەڵێت: کاتێک باس لە سیاسەتێکی گشتی دەکەی، دەبێت باس لە حکوومەتێک بکەی کاریگەریی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵی هەبێت، ئەگەر باس لە ڕێگەی ئاوریشمی چینیی بکەیت، کاریگەرییەکانی بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیاوەیە کە هەیەتی، هەروەها هەرزانی ئەو جۆرە تەکنەلۆژیایە، تایوان بۆچی دەپارێزرێت، بەهۆی دابینکردنی پێکهاتەی ئەو تەکنەلۆژیایەی کە هەیەتی لەڕێگەی کۆمپانیاوە، زۆربەی کۆمپانیاکان کە پێنج لە سەدی باشرینەکانن لەو هەرێمەن، دواتر ئەپڵ، گوگڵ، مایرۆسۆفت، تەواوی کۆمپانیاکان لەوێ وەبەرهێنان دەکەن، گوتیشی: کەواتە لە هەرێمی کوردستان، لە دەستپێکی کابینەی نۆیەم، ئێمە سەرۆک وەزیرانێکی خاوەن ڕوانگەیەکی ناوازەمان هەبوو، نەخشە ڕێگەیەکی بۆ بە دیجیتاڵ کردنی حکوومەت داڕشت، لەو کاتەوە ئێمە لەسەر ئەو ستراتیژیەتە پێداگر بووین و بەردەوام بووین.