تریفە عەزیز: ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەریی لەسەر وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان هەیە

تریفە عەزیز
تریفە عەزیز

تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا دەڵێت: ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان هەیە.

"هەینی 22ـی تشرینی دووەمی 2024،  تریفە عەزیز، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا لە میانی کۆڕبەندی مێپس گوتی: خۆشحاڵم ئەمساڵ گەڕاومەتەوە بۆ کۆڕبەندی مێپس و کۆڕبەندێکی گرنگە،  نەک تەنیا لەبارەی ئاشتی و ئاسایش، بەڵکو بۆ کۆکردنەوەی بیانییەکانیش گرنگە، بە تایبەتی کۆکردنەوەی ئەمەریکی و ئەوروپییەکان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کێشانە.

دەشڵێت: کۆڕبەندەکە لە کاتێکی گرنگدایە ئەگەر ڕەچاوی ململانێکانی ناوچەکە بکەین، هەروەها ئەو کاریگەرییانەی لەسەر ژیانی خەڵکی ئێمەی دەبێت، گوتی: ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمەکەماندا هەیە، بۆیە هەردوولا پەیوەندییان بە یەکدییەوە هەیە و ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە هەرێمی کوردستان لەپێناو سەقامگیری ئایندەمان مسۆگەر دەکات. تریفە عەزیز گوتیشی: لەڕووی سیاسییەوە دەبینین چەندین بەرپرسی ئەمەریکی و راوێژکاری سیاسی و ئەکادیمیاکان لێرەن،  ئەمەش نیشانەی پەیوەندی و هاوبەشی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکایە کە چەندین دەیەیە بەردەوامە."  

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد.