ئاڵنگارییه ئابوورییهكان یهكێك بوو له تهوهری گفتوگۆكانی كۆڕبهندی مێپس
دووەمین پانێڵ لە کۆڕبەندی مێپس پێکەوەبەستنی سیاسەتی دەرەوەو ناوخۆیی بوو لەگەڵ پرسی جوگرافیای ئابووری، بەرپرسان و توێژەرانی ناوخۆیی ئاڵنگارییەکانی بەردەم پێشوەچوونی ئابووری عێراق شی دەکەنەوە و توێژەرانی دەرەکیش باس لە گرنگی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتانی ناوچەکە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکان دەکەن.
دکتۆرە شێرلی، توێژەر لە بواری ئابووری لە زانکۆی لەندەن ئاماژە بەوە دەکات: لە پێنج ساڵی ڕابردوودا کاریگەری ئابووری چین لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر بووە و ئابووری ئەمەریکاش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشەیەکی ئەوتۆی تۆمار نەکردووە، لەو ماوەیەدا بەبڕی زیاتر لە 27 ملیار دۆلار مامەڵەی بازرگانی لەنێوان چین و وڵاتانی ناوچەکەدا هەبووە، لە کاتێکدا ئەمەریکا تەنیا %3ـی ئەو جوڵە بازرگانییەی چینی هەبووە.
هەروەها یوسف بولووشی، لە بانکی ناوەندی عەممان پێچەوانەی شێرلی دەڵێت: لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ستراتیجیدا وڵاتانی ناوچەکە بە تایبەت کەنداو هیچ وڵاتێکی کاریگەریان کەنارگیر نەکردووە بەڵکو سیاسەتێکی پێکەوەیی بۆ ڕەنگکردنی پرۆژەکانی وەبەرهێنان جێبەجێ دەکەن. ئاماژە بەوەش دەکات، پاراستنی سەرچاوەکانی وزە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆدەنگییەکی جیهانی دروستکردووە و جیهان ناتوانێت وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی سیاسییەوە بێ کاریگەر بکات.
لەبارەی ئاڵنگارییەکانی بەردەم گەشەی ئابووری لە عێراقیش هۆشیار زێباری ڕایدەگەیەنێت: سێ پێکهاتەی سەرەکی ئەو رێگریانە لە خۆدەگرن لەوانە؛ گەندەڵی کە بەشێوەیەکی فراوان ڕەگی لە دامودەزگەکان داکوتیووە هەروەها پشت بەستن بە داهاتی نەوت و کار نەکردن بۆ فرەچەشنکردنی داهاتەکان یەکێکی دیکەیە لە ئاڵنگارییەکان ئەمە جگە لەوەی سیستەمی دارایی و بانکی بە ئەلیکترۆنی نەکراوە.
هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنۆلۆجیا و زانیاری لە حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: لەکابینەی نۆیەمدا لە چوارچێوەی ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت هەنگاومان بۆ پێشخستنی سیستەمی دارایی و بانکی ناوە، دەستمان بە پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی دارایی و بانکی کردووە و ڕژدین لەسەر جێبەجێکردنی هەمان سیستەم لەکۆی دامەزراوەکاندا.