پرۆفیسۆری زانکۆی جۆرج واشنتۆن: سیاسەتی ترەمپ بەرامبەر سووریا و عێراق ڕوون نییە
شەممە، 23-11-2024، لە کۆتا ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24، ئەیمی ئۆستن هۆڵمز، لێکۆڵەر و پرۆفیسۆر لە زانکۆی جۆرج واشنتۆن، لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24دا گوتی: "ئێستا کاتێکی زۆر جیاوازە و زۆر گرنگە کە قسە لەسەر ئاڵۆزییەکان بکەین."
ئەیمی ئۆستن، ئاماژەی بەوەش کرد "دۆناڵد ترەمپ هێشتا خەریکی دروستکردنی کابینەکەیەتی، هەروەها کۆمەڵێک کەسی دەستنیشان کردووە کە لە کابینەکەیدا دەبنە وەزیر، بەڵام ئەوانە دەبێت لەلایەن سینات و ئەنجوومەنی پیرانەوە ڕەزامەندییان لەسەر بدرێت." گوتیشی: "بەشێک لەوانەی دەستنیشان کراون یەکلایی بوونەتەوە، بۆیە هێشتا زووە بزانین ئاراستەی کابینەکە بە چ شێوەیەک دەبێت و ئەوانەی لەو کابینەیەدان چۆن بیر دەکەنەوە."
پرۆفیسۆرەکەی زانکۆی جۆرج واشنتۆن دەشڵێت: "ئێمە دەزانین ترەمپ لە شەڕی غەززە پاڵپشتیی ئیسرائیل دەکات، هەروەها دۆخی سووریا و عێراقمان هەیە، تاوەکوو ئێستا ڕوون نییە کە ترەمپ بەرامبەر سووریا و عێراق نیازی چییە؟" ئاماژەی بەوەش دا "ترەمپ سەرنج دەخاتە سەر ئێران، کە لەبانگەشەی کەمپینەکەشی باسی لە ڕێگریی لە تەشەنەسەندنی هەژموونی ئێران لە ناوچەکە دەکرد و بەردەوامیش دەبێت لەسەر ستراتیجییەکانی."
باسی لەوەش کرد "ساڵی 2019 لەم کاتەدا، ترەمپ فەرمانی بەکشانەوەی سوپای ئەمەریکا لە هەندێک ناوچەی سووریا دا و تورکیا جێگەی گرتەوە بەبێ ئەوەی هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا یان لایەنە پەیوەندارەکاندا بکات؛ واتە کشانەوەی ئەمەریکا لە ڕۆژئاوای کوردستان، ڕێگەی خۆش کرد ئەمە ڕوو بدات. هەروەها کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری گوتیان ئێمە نازانین چی ڕوو دەدات؟ چونکە ئەوە بڕیارێکی تایبەتی ترەمپ بوو."
گوتیشی: "لەوکاتیدا تووڕەییەکی زۆر لەناو ئیدارەی ئەمەریکا دروست بوو، هەم لەناو وەزارەتی بەرگری هەم لەناو وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا."
ئەیمی ئۆستن جەختیشی کردەوە، "قورسە بزانین ترەمپ بەرامبەر سووریا چی دەکات، چونکە پێم وایە بابەتی مانەوەی ئەسەد کۆتایی هاتووە و دەمێنێتەوە، بەڵام زیاتر سەرنجی لەسەر ئێران دەبێت، هەوڵ دەدات ڕێگری لەفراوانخوازی ئێران بگرێت لە ڕؤژهەڵاتی ناوەڕاست، هەروەها دەیان هەزار داعش لەو ناوچانە ماون، کە بەشێکی زۆریان لە سووریا بەندکراون ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە".