کارەکانی دووەم ڕۆژی کۆڕبەندی مێپس24 دەستیان پێ کرد
شەممە، 23-11-2024، کارەکانی دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە شاری دهۆک؛ بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 دەستیان پێ کرد.
لە چوارچێوەی کارەکانی ئەمڕۆی کۆڕبەندی مێپس. سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دیدارێکی تایبەتی دەبێت کە باس لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
دوێنێ هەینی، 22-11-2024، کۆڕبەندی مێپس24 دەستی پێ کرد، لە دەستپێکدا، مەسرور بارزانی، سەرۆکی بۆردی ئەمیندارییەتیی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک، گوتاری بەخێرهاتنی لە کۆڕبەندەکەدا پێشکەش کرد، دواتر سەرۆک بارزانی لە گوتارێکدا باسی لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان و عێراق کرد و هیوای خواست گفتوگۆ و پێشنیازەکانی ئەو کۆڕبەندە سوودی بۆ هەموو لایەک هەبێت.
ژمارەیەکی بەرچاو لە سیاسەتمەدار و ئەکادیمستەکان کە بەشدارییان لە پانێلەکانی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەند کردبوو، زیاتر باسیان لەو مەترسیانە کرد کە هەڕەشەن بۆ فراوانبوونی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و گرووپە چەکدارەکان، هاوکات چەند پێشنیازێکیان بۆ ڕێگریی لەو شەڕە خستەڕوو.
پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت تەوەرێکی دیکەی یەکەم ڕۆژی کۆڕبەندەکە بوو، کە لە گوتار و گفتوگۆی بەشداربووان تیشکی خرایە سەر.