قاسم ئەعرەجی: نەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتیی و متمانە بووە هۆی دروست بوونی داعش لە عێراق

دووەم ڕۆژی پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک، بەڕێوە دەچێت.
شەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2024، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری نیشتمانیی عێراق، لە پانێلی پێنجەمین کۆڕبەندی مێپس24 ڕایگەیاند "ئێمە لە قۆناغێکی سەختداین، ئەوەی عیراق لەو کاتەدا پێیدا تێ پەڕی، بوونی داعش و شانە نووستووەکانی بوو کاتەدا، نەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتیی، نەبوونی متمانە، کەس لەوی دیکە تێ نەدەگەیشت، ئەمە وای کرد هەموو ئەوە دروست بێت بکەوینە ژێر هەڕەشەی زۆرەوە."
ڕاوێژکاری نیشتمانیی عێراق دەڵێت: "ئێمە چووینە دیالە کە نزیک بەغدایە، لەو کاتەدا سیستانی فەتوایەکی دەرکرد ئەوەش وایکرد داعش هێرشی بە ئاراستەی بەغدا بگۆڕێت و زیاتر نەیەتە پێشەوە، خەڵکی عێراقیش بە هەموو نەتەوەیەکەوە بەدەم ئەم فەتوایەوە هاتن و شان بەشانی سوپای عێراق وەستان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داعش، ئەمەش وایکرد ئالنگارییەکی زۆر دروست بێت، بۆ دورست بوونی حکوومەت."
دەشڵیت: "لەو کاتەدا بارودۆخی ئەمنیی و ئاسایشی و ئابووریشمان باش نەبوو، بەڵام توانیمان بەهەر چۆنێک بێت ئیدارەی وڵات بکەین."
باسی لەوەش کرد "هەوڵماندا زانیاریمان بۆ بێت لە هەموو ناوچەیەکەوە، تاکوو بتوانین خۆمان کۆکەینەوە بۆ ئەوەی بزانین داعش خەریکی چییە و هێرش دەکاتە کوێ؛ چونکە ئەوە شتێکی ئاسایی نەبوو بۆ تەواوی گەلی عێراق، کە لە بەرامبەری بە خوێن کرا و خوێنێکی زۆری عێراقییەکان ڕژا و هەروەها تاکوو ئێمەش ڕووبەڕووی گرفتەکان ببینەوە."
قاسم ئەعرەجی، ئاماژەی بەوەش دا "ئەو هۆکارانەی وای کرد هەموو ئەوشتانە بێت بەسەر عێراقدا ئەویش ئەوە بوو لە دوای ساڵی 2003، هیچ شتێک ڕوون نەبوو، هەروەها پێش 2003 لە ساڵی 1991 هەرێمی کوردستان دروست بوو، هەموو ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستان گەڕانەوە عێراق، ئەوەش ئەزموونێک بوو. ئەزموونی ئێرانیش لە سەردەمی ئیمام خومەینی و کوردستان و ئەزموونی ماندێلا کە قبووڵکردنی یەکتر بوو، هەموو ئەمانە ئەرێنی بوون، بیرمان لە هەموو ئەمانە کردەوە کە دەبێت یەکتر ببوورین لە دوای ئەو هەڵە ستراتیجییەی لە ساڵی 2003دا کرا و دوای ئەوەش تووشی شەڕی داعش بووین و بە هەزاران عێراقی کوژران و زیندە بەچاڵ کران، هەموو ئەوانە هۆکار بوون بۆ شیبوونەوەی سوپای عێراق و نەمانی.. لەگەڵ نەبوونی سیستەمی حوکمڕانی، کە سیستەمی تەواوی هەموو عێراقە و بووە هۆی دروست بوونی بۆشایی نیشتمانیی هەموو عێراق و مامەڵە کردنی تاکی عێراق."
شایانی باسە نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەمە بەشدار دەبن، هەروەها ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.