کۆمسیۆنی عێراق بۆ پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کۆ دەبێتەوە.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن ئەمڕۆ شەممە، 23-11-2024، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی باڵای کۆمسیاران بۆ پەسەندکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ دەبێتەوە، بە ئەگەری زۆرەوە کۆبوونەوەکە سبەینێ یەکشەممە، 24-11-2024، دەبێت."

ئەمە لە کاتێدایە، 18ی ئەم مانگە دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم تانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کردەوە کە ژمارەیان 44 تانە بوو.