رووماڵ

هونەر عیسا: کوردستان مێژووێکی جوانی نزیککردنەوەی جیاوازییەکانی لەیەکتر هەیە

هونەر عیسا, بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024
هونەر عیسا, بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024

د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 لە کۆتا گوتاری کۆڕبەندی مێپسدا گوتی: مێژووێکی جوانی نزیککردنەوەی جیاوازییەکانی لەیەکتر هەیە.

شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 لە کۆتا گوتاری کۆڕبەندەکەدا گوتی: جێی شەرەفمەندیمانە جارێکی دیکە کۆڕبەندی مێپس پێشبینی ئێمەی تێپەڕاند.

گوتی:  ئێمە ساڵانە بە تامەزرۆییەوە لەو کۆڕبەندە دەڕوانین، ئێمە بە قوڵی گفتوگۆ لەسەر پرسە گرنگەکان دەکەین، بۆ ڕووبەرووبوونەوەی کێشەکان بۆ ئەوەی تەواوی ژیرەکان یەک بخات، لەڕووی بنەڕەتییەوە هیواخوازین کۆمەڵگەیەک دروست بکەین کە بە دڵگەرمییەوە کار بکات، بەشدارەکان دووبارە بگەڕێنەوە دهۆک.

هونەر عیسا تیشکی خستە سەر ئەوەی کە هاوەڵی ئەکادیمی لەگەڵیان بوون، وەک زانکۆی هارڤارد و دەستپێشخەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، زانکۆی کامبرێج و دامەزراوەکانی دیکە.

گوتی: زۆر سوپاس بۆ سەرکردایەتی کوردستان کە مێژووێکی زۆر جوانی پەرەپێدانی پەیوەندییە هەرێمیەکانی هەیە بۆ بەستنەوەی جیاوازییەکان و کەمکردنەوەی بۆشاییەکان، ئەمەش لە بەرژەوەندیی مرۆڤایەتیدایە، لە هەمان کات پێکەوەیی و فرەیی و  پەسەندکردنی بۆچوونە جیاوازەکان.

د. هونەر گوتی: زانکۆی ئەمەریکا-کوردستان، وەکو دامەزراوەیەک و کۆڕبەندی مێپس درێژە بەو میرات و ڕوانگەیەی خۆی دەدات بۆ ڕوانینێکی باشتر لەسەر ئاسایش و ئارامی و کۆکردنەوەی بۆچوونەکان.

بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 سوپاسی تایبەتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی کرد وەک سەرۆکی ئەمیندارانی زانکۆکە، لە پشتیوانی و سەرپەرشتی کردنیان ساڵانە لە کۆڕبەندەکە.

هاوکات، سوپاسی کوردستان24 و هەموو ئەوانەی کرد کە هاوکار بوون بۆ پشتیوانی و سەرخستنی کۆڕبەندەکەیان.

پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2024) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24، لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوە چوو.

کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، لە 22ـی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، لە دهۆک بە بەشداریی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز و، ژمارەیەک لە بەرپرسی حزبی و حکوومەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە سپۆنسەریی کوردستان24 دەستی پێکرد و سەرکەوتووانە ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆتایی هات.