تیمێکی فراوانی کوردستان24 ڕووماڵی دوو ڕۆژەی کۆڕبەندی مێپس-یان کرد
تیمێکی فراوانی دامەزراوەی کوردستان24، لە پێشکەشکاران و پەیامنێران و وێنەگران و تیمە هونەریی و تەکنیکییەکانی، ڕووماڵی دوو ڕۆژەی کۆڕبەندی مێپس-یان لە زانکۆی ئەمەریکی-کوردستان لە دهۆک کرد.
شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، د.هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس 2024 لە گوتاری کۆتایی هێنان بە کۆڕبەندی ئەمساڵ، سوپاسی دامەزراوەی کوردستان24ـی کرد بۆ ڕووماڵکردنی کۆڕبەندەکە.
پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2024) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24، لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوە چوو.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، لە 22ـی ئەم مانگە لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، لە دهۆک بە بەشداریی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز و، ژمارەیەک لە بەرپرسی حزبی و حکوومەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە سپۆنسەریی کوردستان24 دەستی پێکرد و سەرکەوتووانە ئەمڕۆ شەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2024، کۆتایی هات.