شرۆڤەی یارییەكانی گەڕی چوارەمی خولی نایابی كوردستان
ئاکرێ دوای دوو هەفتە دابڕان میوانداریی پێشمەرگە دەکات، چوارقوڕنەش لە تاقیکردنەوەیةكي قورس دەبێتە میوانی هەندرێن، رانیەش دوای بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی دەربەندیخان دەبێتەوە
لە گەڕی چوارەمی خولی نایابی كوردستان، یانەی ئاکرێ دوای دوو هەفتە دابڕان میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، چوارقوڕنەش لە سێیەم تاقیکردنەوەی راستەقینەدا دەبێتە میوانی هەندرێن، رانیەش دوای بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی دەستی بە راهێنانەكان كردووەتەوە و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دەربەندیخان ئامادەن، سیروانی نوێیش بۆ رووبەڕبوونەوەی رزگاری گەشتی گەرمیان دەكات.
ئاكرێ ـ پێشمەرگەی هەولێر
یانەی ئاکرێ لە یاریگەی خۆی میوانداریی پێشمەرگەی هەولێر دەکات، ئاکرێ بە راهێنەرایەتی وەلید محەممەد لە سێ گەڕی رابردوو تەنیا یەک یاریی بەرامبەر چوارقوڕنە كردووە و سەركەوتنی تۆمار كردووە، لە گەڕی دووەمیش بەهۆی خراپی یاریگەی دووەمی یانەی هەولێر، یارییەكەی نێوان هەولێر و ئاكرێ نەكرا.
لە لایەكی دیكەیشەوە، پێشمەرگەی هەولێر، بە راهێنەرایەتی تەها قادر ئامادەکارییەكانی بۆ ئەم یارییە تەواو كردووە و لە سێ یاریی رابردوو دوو بردنەوە و بەرامبەربوونێكی هەیە، سەرجەم یاریزانەکانیش ئامادەن جگە لە نیاز مەغدید نەبێت كە بەهۆی پێكان و نەشتەرگەرییەوە بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ لە یاریكردن دووردەكەوێتەوە.
رزگاری ـ سیروانی نوێ
یانەی رزگاری كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتووە لە كۆی 3 یاری 4 خاڵی بەدەستهێناوە، هەر لە دەستپێكی خولەكە كاتێك لە زاخۆی بردەوە سەلماندی ئەم وەرزە لەنێو یاریگەی خۆی نابێتە نێچیرێكی ئاسان بۆ هیچ یانەیەك. ئەمڕۆ رزگارییەكانی گەرمیان بۆ بۆ لەبیربردنەوەی شكستەكەی هەفتەی رابردوویان بەرامبەر دەربەندیخان هەوڵی راستكردنەوەی ئەنجامە دەدەن و دەیانەوێت لەنێو یاریگە و لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانیان دووەمین سەركەوتن لەم وەرزە تۆمار بكەن.
لە بەرامبەردا سیروانی نوێ ئەم وەرزە بە سەرەتایەكی ناجێگیر تێپەڕ دەبێت و هیچ بردنەوەیەكی بەدەستنەهێناوە، دەیانەوێت بە بردنەوە لە رزگاری زەنگی یەكەمین سەركەوتن بۆ ركابەرەكانیان لێ بدەن.
هەندرێن ـ چوارقوڕنە
یانەی چوارقوڕنە ئەم وەرزە بە راهێنەرایەتی رەمزی ساڵح دوو یاریی كردووە و هەردوو یارییەكەشی دۆڕاندووە، سەوزپۆشەكان لە ماوەی یەك هەفتە ئەوە دووەمجارە سەردانی هەولێری پایتەخت دەكەن.
نوێنەرەكەی ڕاپەڕین ئاواتەخوازن ئەم هەفتەیەش بە شكستەوە لە پایتەختەوە بۆ دەڤەری ڕاپەڕین نەگەڕێنەوە، بەوپێیەی هەفتەی رابردوو بەرامبەر یانەی پیشەسازی شاری هەولێر دۆڕان و ئەمڕۆش دیسان لە هەولێر رووبەڕووی هەندرێن دەبنەوە.
لە لایەكی دیكەشەوە، یانەی هەندرێن لە سێ یاریی ڕابردووی خاوەنی تەنیا یەک خاڵە، دڵشاد مەعروفی راهێنەری هەندرێن تا ئێستا نەیتوانیوە دۆخی یانەکەی لەم سەرەتایە خراپە دەرباز بكات، بۆیە ئەم یارییە لە یاریگەی خۆیان بە دەرفەت دەزانێت تا باری لاسەنگی تیپەکە راستبکاتەوە.
رانیە ـ دەربەندیخان
یانەی رانیە گەڕی رابردوو بەهۆی بایکۆتی یاریزانەکانی بەشداریی یارییەکەی بەرامبەر یانەی شێروانەی نەکرد، بەمەش بە دۆڕاو هەژمار كرا، بەرگسوورەكانی راپەڕین خاونی سێ خاڵن و لە خانەی نۆیەمی ریزبەندییەکە دەبینرێن.
لەبەرامبەردا دەربەندیخان دوای دۆڕانەکەی گەڕی یەکەمی توانی بەخێرایی هەڵسێتەوە و دوو یارییە لەسەریەك سەركەوتن تۆمار دەكات و یانەكە خاوەنی ٦ خاڵە و لە خانەی چوارەم دێت.