کۆمیسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و نووسراوەکە ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.
نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد.
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، بە شێوەیەکی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات.
ئەمە لە کاتێدایە، 18ی ئەم مانگە دەستەی دادوەری لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرجەم تانەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان یەکلایی کردەوە کە ژمارەیان 44 تانە بوو.
ڕۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.
ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 39 کورسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 23 کورسی
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 15 کورسی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 7 کورسی
ڕەوتی هەڵوێست: 4 کورسی
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 3 کورسی
بەرەی گەل: 2 کورسی
بزووتنەوەی گۆڕان: 1 کورسی
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 1 کورسی
کۆتای پێکهاتەکان: 5 کورسی
ژمارەی دەنگی لایەنە سیاسییەکان بە گوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردن:
پارتی دیموکراتی کوردستان: 809,197 دەنگ
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: 408,141 دەنگ
جووڵانەوەی نەوەی نوێ: 290,991 دەنگ
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان: 116,981 دەنگ
ڕەوتی هەڵوێست: 55,775 دەنگ
کۆمەڵی دادگەریی کوردستان: 64,710 دەنگ
بەرەی گەل: 33,365 دەنگ
بزووتنەوەی گۆڕان: 11,621 دەنگ
هاوپەیمانیی هەرێمی کوردستان: 12,929دەنگ
بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان: 5,503 دەنگ