بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆ، دەبێت کەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان ببەسترێت؟
سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10 ڕۆژ دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، کاتی هەیە وادەی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دیاری بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24-11-2024، ئەنجوومەنی باڵای کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد.
بە گوێرەی ماددەی سێیەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، یەکەم دانیشتنی پەرلەمان لەسەر بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت، لە ماوەی 10 ڕۆژدا لە ڕێکەوتی پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن. لە کاتی ئاراستەنەکردنی بانگهێشتنامەکەدا، پەرلەمان بە شێوەیەکی ئاسایی لە کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی دوای ماوەی ئاماژە پێ دراو، کۆ دەبێتەوە.
بە گوێرەی ماددەی چوارەمیش، دانیشتنەکانی پەرلەمان لە هەولێر دەبن، بەڵام دەکرێت لەسەر داوای سەرۆک، دەستەی سەرۆکایەتی یان 10 ئەندام و بە ڕەزامەندیی پەرلەمان، لە هەر شوێنێکی دیکە بێت بە پێی پێویست.
بە گوێرەی بڕگەی یەکەمی ماددەی 11ـی پەیڕەوی ناوخۆ، پەرلەمان، دانیشتنی یەکەمی خۆی بە سەرۆکایەتیی بە تەمەنترین کاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، دەبەستێت.
بە گوێرەی بڕگەی دووەمی ماددەی 11ـی پەیڕەوی ناوخۆ، بە تەمەنترین کاندیدی دەرچووی ئامادەبوو، لەلایەن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە بانگهێشت دەکرێت، دەبێتە سەرۆکی یەکەم دانیشتن، ئەرکی تەنها بریتی دەبێت لە بەڕێوەبردنی دانیشتنی یەکەم و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی.