کۆمیسیۆن ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد و پارتی دەست بە گفتوگۆکان دەکات

هەڵبژاردن
هەڵبژاردن

ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، هەر ئەمڕۆ بە نووسراوێک ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێوەی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان دەکات، لە دوای 10 ڕۆژدا و تەواو لە 11 هەمین ڕۆژی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان، پێویستە پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، پارتی لە سبەیەوە دەست بە گفتوگۆکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

نەبەرد عومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، ئاماژەی بەوەشدا، ئەمڕۆ بە نووسراوێک ئەنجوومەنی کۆمیسیاران نووسراوی پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێوەی فەرمی ئاراستەی سەرۆکایەتی هەریمی کوردستان دەکات.

راوێژکارێکی یاسایی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە دوای پەسەندکردنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دەبێت مەرسومێک دەر بکات بۆ یەکەمین کۆبونەوەی پەرلەمان، ئەگەر ئەو مەرسومەی دەر نەکرد، دەبێت پەرلەمان لە رۆژی 11 یەم کاتژمێر12 نیوەڕۆ کۆببێتەوە بۆ یەکەم دانیشتن.

چاودێرێکی سیاسیش ڕایدەگەیەنێت: گفتوگۆکانی پێکھێنانی کابینەی دەیەم ناڕاستەو خۆ دەستیان پێکردووە، دەبێت پارتی و یەکێتی جدی بن لە دەسپێکردنی گفتوگۆکان و پۆستەکانی پەرلەمان و حکوومەت و کارنامەی کابینەی دەییەم  دەبنە یەک پاکێج.

بە تەمەنترین کاندیدی دەرچوو یەکەم دانیشتنی پەرلەمان بەرێوە دەبات کە دوو ئەرکی لە ئەستۆیە، ئەوانیش  سوێند خواردنی کاندیدە دەرچووەکان، کردنەوەی دەرگای خۆ کاندیدکردن بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان،لە کۆبونەوەی دووەمیان دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی ھەڵبژێردرێت.

وەعد مزووری، راوێژکاری یاسای پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: پێویستە پەرلەمان یەکەم دانیشتنی خۆی ئەنجام بدات، دواتر سەرۆکی پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێن، لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەشڵێت: پێویستە پەرلەمان لە ڕۆژی 11ـ هەمی دوای پەسەندکردنی ئەنجامەکان کۆ ببێتەوە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ لەکاتژمێر 12ـی نیوەڕۆ دەست بەکارەکانی بکات.

ڕێککەوتن لەسەر پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان رێکارەکانی دیکەی ھەڵبژاردنی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و پێکھێنانی حکوومەت ئاسان دەکات،دوای دەنگدان بە سەرۆکایەتی پەرلەمان،دەرگای کاندید بوون بۆ سەرۆکی ھەرێمی کوردستا دەکرێتەوە،دوای ئەم ھەنگاوەش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەڵدەبژێرێت،ئەویش  کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەکەی.

حکوومەت و پەرلەمان و کارنامەی کابینەی دەیەم، دەبنە یەک پاکێج چاوەڕێی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان دەکرێت  بە تایبەت لە نێوان پارتی و یەکێتی.

مەحمود خۆشناو، چاودێری سیاسی دەڵێت: دەبێت بە لایەنی کەمەوە لێکتێگەیشتنێک هەبێت بۆ ئەوەی ئەو پابەندبوونە یاساییانە تێپەڕێندرێن و مامەڵەیەکی یاساییان لەگەڵدا بکرێت، ئەوەش حاڵەتێکی سروشتییە و پێویستە هەموو لایەنەکان کۆک بن، بەتایبەت ئەو لایەنە سیاسییانەی کە بڕیاریان داوە گفتوگۆیەکی جددی بکەن بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم و کارەکانی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان.

بەپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، ئاماژە بەوە دەکات، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، پارتی لە دووشەممەوە ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت. جەختی لەوەش کردەوە، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ لایەنێک نییە.

پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر، لەمیانەی بەشداریی لە هەڤپەیڤینی کوردستان24ـدا، ڕایگەیاند: گوتارەکەی سەرۆک بارزانی لە مێپس زۆر ڕووانگەی لەخۆ گرت، گرنگترینیان ئەوەبوو کە ئاماژەی پێدا، ئێمە با پێکەوە لەگەڵ یەکدی دانیشین و کێشەکانمان بە دیالۆگ چارە بکەین.

جەختی لەوەش کردووە، هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ ئەوەدایە کێشەکان بە ئاشتی چارە بکرێن، چونکە بە شەڕ و ناکۆکی هەروەکو سەرۆک بارزانی فەرمووی کێشەکان چارە نابن.

ناوبراو ڕوونی کردەوە، بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان یەکلا دەکرێتەوە و دواتر 10 ڕۆژ لەبەردەم لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە تا دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان ئەنجام بدرێت، پارتی هێڵی سووری لەسەر هیچ حزبێک نییە و، پێویستە حکوومەتێکی بنکە فرەوان پێک بهێنرێت.

لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە هەولێر ئاشکرای کرد، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک بارزانی، پارتی لە دووشەممەوە ئامادە دەبێت بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی پێکهێنانی حکوومەت.