سیروان محەمەد: تیمەکان لە سبەینێوە بۆ قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی دەست بە ڕاهێنان دەکەن

سەرژمێریی
سەرژمێریی

سیروان محەمەد، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تیمەکانی سەرژمێریی لە سبەینێوە دەست بە ڕاهێنان دەکەن بۆ قۆناغی کۆتایی سەرژمێریی کە زانیاریی ورد و درشتی تێدایە دەربارەی لایەنە جیاوازەکانی خێزان و پێشبینی دەکەن تا 15ـی مانگی داهاتوو سەرژمێریی تەواو بێت، ڕاشیگەیاند: تیمەکان ڕێکاری خۆیان هەیە بۆ سەرژمێریی کردنی ئەو خێزانانەی لە ناوچە شاخاوییەکان و گوندە دوورە دەستەکانن.

سیروان محەمەد گوتیشی: ئەگەر هەیە، ئەم هەفتەیە ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتی عێراق بڵاو ببێتەوە.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو سەرژمێرییە قۆناغی تۆمارکردنی خێزان بوو، چەند پرسیارێکی سەرەکی و سەرەتایی کراوە لێیان، ئەو قۆناغەی کە ماوەتەوە ئێستا ئامادەکاریی بۆ دەکەین لەگەڵ بەغدا پێکەوە، تایبەت دەبێت بە خودی فۆرمی سەرژمێریی کە ئەو داتایانەی تێدا دەبێت کە تایبەت بە دۆخی ئابووری و تەندروستی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی ئەو بوارانەی پەیوەستن بە پەرەپێدان، ئەو ڕاهێنانە پێنج ڕۆژ دەخایەنێت، لە شەشەمین ڕۆژ بژمێرەکانمان لەگەڵ تیمەکانی ئامار لە بەڕێوەبەرایەتییەکان، بەسەرپەرشتی ئەوان دەبێت،  کارەکان دەستپێدەکەن، ئێمە پێشبینی دەکەین دوو هەفتەی بوێت تا ئەو قۆناغەش تەواو دەبێت، ئەو شوێنانەی دوورە دەست و سەختن، بۆیە تیمی تایبەتی بۆ داندراوە.

دەڵێت: بەشێوەیەکی گشتی ئەوانەی لەنێو شارەکان کاردەکەن، ژمارەی یەکەیان زیاتر بەردەکەوێت، وەک ئەوەی لەنێو دێ و شاخەکان، بۆ ئەوەی ئەو قورسیەی دێتە پێشیان بتوانن چارەسەری بکەن بەشێوەیەکی باشتر.