خولی نایابی كوردستان رۆژێكی جیاوازی تێپەڕ كرد

یانەكانی رزگاری و رانیە و ئاكرێ زەنگی مەترسیان لێ دا

ئەمڕۆ لە خولی نایابی كوردستان ئاكرێ سەركەوتنێكی كوشندەی لە دوایین خولەك بەرامبەر پێشمەرگەی هەولێر بەدەستهێنا، یانەكانی رزگاری و رانیەش لە نێو یاریگەی خۆیان سەركەوتنیان بەدەستهێنا، بەڵام یانەكانی هەندرێن و چوارقوڕنە ئەم هەفتەیەش نەیانتوانی بۆ یەكەمجار لەم وەرزە تامی سەركەوتن بكەن.

ئاكرێ ـ پێشمەرگەی هەولێر
یانەی ئاكرێ لەنێو یاریگە و لەبەردەم ئاپۆڕای هاندەرانی میوانداریی پێشمەرگەی هەولێری كرد، لە دەستپێكی یارییەكە، رەفیق ئامینۆ هێرشبەری پیشەگەری ئاكرێ لە خولەكی 16ـی دەستپێكی یارییەكە سوودی لە هەڵەی بەرگریكاران و گۆڵپارێزی پێشمەرگە بینی و ئەنجامەكەی بۆ ئاكرێ یەكسان كردەوە، بەڵام فرانسیس دادزی لە خولەكی 60ـی نیوەی دووەم ئەنجامەكەی بۆ پێشمەرگە یەكسان كردەوە.
رووداوەكە گەورە لە خولەكی 93ـی كۆتایی یارییەكە روویدا، كاتێك ئەركان مەنسوڕ هێرشبەری ئاكرێ بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵی سەركەوتنی ئاكرێی تۆمار كرد.
بەمەش ئاكرێ لەم وەرزە لە 2 یاری، 2 سەركەوتنی بەدەستهێنا، لە بەرامبەردا پێشمەرگە تووشی یەكەمین شكست بوو لەم وەرزە.

 

رزگاری ـ سیروانی نوێ
یانەی رزگاری كە ئەم وەرزە بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتووە لەنێو یاریگەی خۆی میوانداریی سیروانی نوێی شاری سلێمانی كرد، هەر لە دەستپێكی یارییەكەش یانە گەرمیانییەكە لە رێگەی ئیبراهیم ئۆلواسیۆن گۆڵی پێشكەوتن و سەركەوتنی لە یارییەكە تۆمار كرد، ئەمەش دووەمین بردنەوەی یانەی رزگاری بوو لەم وەرزە، هەر دوو سەركەوتنەكەش لە نێو یاریگەی خۆیان بوو.
یانەی رزگاری بەم سەركەوتنە شكستەكەی هەفتەی رابردوویان بەرامبەر دەربەندیخان لەبیری هاندەرانیان بردەوە و بە كۆكردنەوەی 7 خاڵ بۆ خانەی سێیەمی ریزبەندی سەركەوت، لە بەرامبەردا سیروانی نوێ بە 2 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی لە خانەی دەیەم دێت و پێشبینی دەكرێت چەند پلەیەكی دیكەش بۆ خوارەوە دابەزێت.

 

رانیە ـ دەربەندیخان
ئەم یارییە لە دەڤەری ڕاپەڕین ئەنجام درا، لە نێوەی یەكەم هیچ لایەك نەیتوانی تۆڕی یەكتر بهەژێنن، بەڵام لەگەڵ دەستپێكی نیوەی دووەم بە دیاریكراوی لە خولەكی 46 مەحموود فەوزی بە ئاسیستی حەمە رۆناڵدۆ گۆڵی پێشكەوتنی رانیەی تۆمار كرد.
بەڵام خۆشییەكانی رانیە زۆری نەبرد كاتێك فەرحان شكوور ئەنجامەكەی بۆ دەربەندیخان یەكسان كردەوە، دواتر دیار عەلی ناسراو بە حەمكە بە دیاركەوت و لە خولەكی 71 گۆڵی سەركەوتنی نوێنەرەكەی ڕاپەڕینی لە دژی دەربەندییەكان تۆمار كرد.
یانەی رانیە دووەم سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 6 خاڵ بەشێوەیەكی كاتی پلەی حەوتەمی گرتووە، لە بەرامبەردا دەربەندیخان دوای دوو سەركەوتنی لەسەریەك تووشی شكست هات و بە 6 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندی دێت.

 

هەندرێن ـ چوارقوڕنە
ئەم یارییە لە هەولێری پایتەخت بەڕێوەچوو، یارییەكەش بە یەكسانبوون بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، ئەم ئەنجامەش دڵی هیچ لایەكی خۆش نەكرد، چونكە هێشتا ئەم دوو یانەیە نەیانتوانیوە لەم وەرزە سەركەوتن تۆمار بكەن.
هەندرێن بە راهێنەرایەتی دڵشاد مەعرووف نەیتوانی بە بردنەوە دەستپێكە خراپەكەی ئەم وەرزە تێپەڕ بكات، هەر چەندە بەرامبەر چوارقوڕنە لە رێگەی شادومان سەباح گۆڵێكی ناوازەیان تۆمار كرد، بەڵام جلشینەكانی پایتەخت نەیانتوانی پارێزگاری لەو گۆڵەیان بكەن و لە نیوەی دووەم چوارقوڕنە لە رێگەی كۆسرەت عەلی گۆڵێكی نایابی تۆمار كرد و ئەنجامەكەیان هاوتا كردەوە و هەردوولا بە گۆڵێك و خاڵێك یاریگەیان جێهێشت.