کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی حکوومەتەکەی تەواو کرد، لە کۆی ئەو 16 پۆستەی کە کاندیدانیان بۆ دەستنیشان کراوە، پێویستیان بە ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی پیران هەیە. زۆرینەی ئەوانەی کە ترەمپ لە ئیدارە نوێیەکەیدا هەڵیبژاردوون، کەسانی دڵسۆزی ئەون.
لێرەدا دیارترین ئەو کەسایەتیانە دەخەینەڕوو کە ترەمپ بۆ خولی نوێی حکوومەتەکەی هەڵیبژاردوون، کە بڕیارە دەستبەجێ دوای دەستبەکاربوونی فەرمیی لە کۆتایی مانگی یەکدا، ئەوانیش دەستبەکار بن.
جێگری سەرۆک: جەی دی ڤانس
ڤانس، سیناتۆر بووە لە ویلایەتی ئۆهایۆ، یەکێکە لە گەنجترین جێگرەکانی سەرۆک لە مێژووی ئەمەریکا و سەر بە کۆمارییەکانە.
وەزارەتی دەرەوە: مارکۆ ڕوبیۆ
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەبێتە ڕووخساری سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ، ئەو وەک وتووێژکاری سەرەکیی دەرەکی سەیر دەکرێت، لەکاتێکدا ترەمپ هەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانییەکان، وەک ناتۆ، دابڕێژێتەوە. مارکۆ ڕوبیۆ، سیناتۆری فلۆریدا بووە، پاڵپشتی هاوکارییە بەهێزەکانی ئۆکرانیای کردووە
وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا: سکۆت بێسانت
وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە دانانی کارنامەی ئابووری بۆ ئیدارەی دووەمی ترەمپ، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا سەرپەرشتی سەرەکیی ئابووریی ئەمەریکایە، بەرپرسیارە لە یارمەتیدان لە دانانی سیاسەت لەسەر باج، بازرگانی، قەرز و ڕێکخستنی دارایی، لە هەمان کاتدا بە شێوەیەکی گشتی ڕۆڵی سەرکردایەتی دەگێڕێت لە دانوستانەکان لەسەر هەموو سیاسەتە ئابوورییەکان لەگەڵ کۆنگرێس.
وەزارەتی بەرگری: پیت هێگسێت
وەزیری بەرگری بەرپرسی جێبەجێکاری وەزارەتی بەرگرییە و سەرپەرشتی سوپای ئەمەریکا و ئیدارەی ناو پێنتاگۆن دەکات و ڕاستەوخۆ ڕاپۆرت دەدات بە سەرۆک.
هێگسێت، سەربازێکی دێرین و پێشکەشکاری فۆکس نیوزە، هێگسێت لە عێراق و ئەفغانستان وەک ئەندامی پاسەوانی نیشتمانی مینیسوتا کاری کردووە.
وەزارەتی داد: پام بۆندی
ئەم وەزارەتە لەلایەن دەزگای جێبەجێکردنی یاسای فیدراڵی وڵاتەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، کە زیاتر لە 100 هەزار کارمەندی هەیە، دەزگاکانی دیکەی سەر بە وەزارەتی داد، بریتین، لە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان، نووسینگەی زیندانەکان، و نووسینگەی خواردنەوە ئەلکهۆلییەکان و چەک و تەقەمەنی.
وەزارەتی ناوخۆ: دۆگ بورگوم
وەزارەتی ناوخۆ سەرپەرشتیی سەدان ملیۆن دۆنم زەوی فیدراڵی و سامانە سروشتییەکانی دیکە دەکات کە دەبێتە کلیلی پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گازی ئەمەریکا، هاوکات ترەمپ ڕایگەیاند کە بورگوم سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وزەی تازە دروستکراویش دەکات.
وەزارەتی کشتوکاڵ: بروک ڕۆلینز
وەزیری کشتوکاڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرپرسیارە لە سەرپەرشتیی پیشەسازییە جیاوازەکانی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و دارستان و هەروەها ڕێکخستنی لایەنەکانی کوالیتی خۆراک و سەلامەتی و نیشاندانی خۆراک. جگە لەوەش وەزارەتی کشتوکاڵ چەندین بەرنامەی چاودێری کۆمەڵایەتی بەڕێوە دەبات، وەکو فراوێنی قوتابخانە بەخۆڕایی، ترەمپ و هاوپەیمانەکانی پێشنیاری بڕینی فراوێنی قوتابخانەکان دەکرد.
وەزارەتی بازرگانی: هاوارد لوتنیک
وەزارەتەکە سەرپەرشتی کۆمەڵێک سیاسەتی فیدراڵی دەکات، لەوانە سیاسەتەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ئەلیکترۆنی، ئەگەر دەستبەکاربوونی لوتنیک پەسەند بکرێت، کاریگەرییەکی گەورەی دەبێت لەسەر ڕەوتی ئابووریی ئەمەریکا لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا و بەرپرسیار دەبێت لە جێبەجێکردنی هەندێک لە بەڵێنە سەرەکییەکانی ترەمپ کە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2024 دابووی.
وەزارەتی کار: لۆری چاڤێز دی ڕێمر
وەزیری کاری ئەمەریکا سەرپەرشتیی ئەو پرسە زەقانە دەکات کە کاریگەرییان لەسەر کرێکاران و خاوەنکارانی ئەمەریکی هەیە، لە زیرەکی دەستکرد و سەلامەتی شوێنی کارەوە تا دەگاتە کاری منداڵان و ڕێساکانی کاتەکانی زیادە.
وەزارەتی تەندروستی: ڕۆبەرت کێنێدی جونیۆر
وەزارەتی تەندروستی و خزمەتگوزارییە مرۆییەکان کە بودجەی نزیکەی دوو تریلیۆن دۆلارە، سەرپەرشتیی بەرنامەکانی بیمەی تەندروستی دەکات، وەک یاسای چاودێری بە نرخێکی گونجاو، کە ترەمپ بەڵێنی جێبەجێکردنی داوە هەرچەندە ڕایگەیاندووە کە پێی باشە چاکسازی تێدا بکات.
وەزارەتی نیشتەجێکردن: سکۆت تۆرنەر
وەزیری نیشتەجێکردن و گەشەپێدانی شارەکان یارمەتی ڕێنماییکردنی سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەدات سەبارەت بە خانووبەرەی دادپەروەرانە، کە بریتی دەبێت لە پێشخستنی خاوەندارێتی ماڵ، پاراستنی دابینکردنی یەکەکانی کرێی گونجاو و نەهێشتنی شێوازە جیاکارییەکانی نیشتەجێبوون. پرسەکانی نیشتەجێبوون ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ساڵی 2024دا.
وەزارەتی گواستنەوە: شۆن بی دافی
وەزارەتی گواستنەوە سەرپەرشتی دارایی ڕێگاوبان و پرد و هێڵی شەمەندەفەر و هەروەها کارپێکردنی سیستەمی فڕۆکەوانی دەکات.
شۆن پی دافی، ئەندامی پێشووی کۆنگرێس و پێشکەشکاری بەرنامەی فۆکس بزنس، ئەستێرەیەکی سەرەتایی ڕیاڵیتی تیڤی بووە لە ساڵانی نەوەدەکاندا، پێش ئەوەی بچێتە ناو سیاسەتەوە.
وەزارەتی وزە: کریس ڕایت
وەزارەتەکە سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی وزە لە ئەمەریکا دەکات و دەبێتە کلیلی پلانەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز.
کریس ڕایت سەرۆکی کۆمپانیای لیبرتی ئینێرجییە و لە ئەنجوومەنی نیشتمانی وزەی تازە دروستکراوی ترەمپدا بەشدار دەبێت.
وەزارەتی پەروەردە: لیندا مەکماهۆن
وەزیری پەروەردەی ئەمەریکا کە دەنگی پێشەنگی کارگێڕییە لە قوتابخانەکاندا، پیشینەی لە باخچەی ساوایانەوە تا پۆلی 12 هەیە، هەرچەندە زۆربەی ئەرکەکانی کارەکەی پەیوەندی بە خوێندنی باڵاوە هەیە، لەوانە بەڕێوەبردنی پرۆگرامی قەرزی قوتابیان بە بڕی 1.6 تریلیۆن دۆلار. وەزیر بەرپرسە لە جێبەجێکردنی یاساکانی مافی مەدەنی کە جیاکاری لەسەر بنەمای ڕەگەز و هۆکارەکانی تر لە قوتابخانەکاندا قەدەغە دەکات.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ: کریستی ئێڵ نۆیم
وەزیری ئاسایشی ناوخۆ سەرپەرشتیی بیرۆکراسییەکی فیدراڵی فراوان دەکات کە بودجەیەکی 60 ملیار دۆلاری هەیە و زیاتر لە 230 هەزار کارمەندی هەیە. ئەم ڕۆڵە بۆ کارنامەی سیاسەتی ناوخۆی ترەمپ زۆر گرنگە، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی بەڵێنەکەی بۆ دیپۆرتکردنەوەی ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی.
بەڕێوەبەری سی ئای ئەی: جۆن ڕاتکلیف
بەڕێوەبەری سی ئای ئەی دەزگای سەرەکیی حکوومەت بەڕێوەدەبات کە ئەرکی بەدەستهێنانی هەواڵگری بیانی لە ڕێگەی سەرچاوە مرۆییەکان و شیکردنەوەی هەموو سەرچاوە هەواڵگرییەکان و ئەنجامدانی کاری شاراوەی پێ دەسپێردرێت.
سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی: سوزی وێڵز
زۆرجار سەرۆکی ئەرکانی کۆشکی سپی بە دەروازە پارێزی سەرۆک دادەنرێت، هەروەها پێکهاتەی کارنامە و تواناکانی سەرۆک دادەڕێژێت، وەک ڕاوێژکارێکی نزیک کار دەکات و هەروەها سەرپەرشتی فەرمانبەرانی باڵی ڕۆژئاوا دەکات.
سەرۆکی ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی ئابووری
ئەنجوومەنی ڕاوێژکارانی ئابووری کۆشکی سپی بە پلەی یەکەم بەرپرسیارە لە پێشکەشکردنی شیکارییەکانی کاریگەریی پێشنیارەکانی ئیدارەی ئەموریکا لەسەر ئابووری. ئەنجوومەنەکە بە شێوەیەکی نەریتی وەک گەرەنتییەک لە دژی بیرۆکەکانی هەندێک لە ئیدارەدان سەیر دەکرێت کە دەتوانێت زیان بە ئابووری بگەیەنێت.
کارامەیی حکوومەت: ئیلۆن ماسک
ترەمپ بەڵێنی دا خەرجییە بەفیڕۆدەرەکانی فیدراڵی کەم بکاتەوە لەڕێگەی سوودوەرگرتن لە شارەزایی ئیلۆن ماسک، کە دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان و لایەنگرێکی بەهێزی بووە لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیدا.
هەرچەندە ناوەکەی وشەی وەزارەت لەخۆدەگرێت، بەڵام سەرۆکی ئەمەریکا ناتوانێت وەزارەتێکی نوێ پێک بهێنێت، چونکە وەزارەتە هەمیشەییەکان تەنها لەلایەن کۆنگرێسەوە دروست دەکرێن، بە زۆرینەی دوو لەسەر سێ.
خەرجییەکانی فیدراڵی لە ساڵی 2024دا نزیکەی 6.75 تریلیۆن دۆلار بووە.
بەرپرسی سنوور و کۆچبەری: تۆم هۆمان
ئەو دەزگایە پلەی وەزارەتی نییە، بەڵام لە ئیدارەی نوێدا گرنگییەکی زۆری هەیە، بەرپرسانی سنوور و کۆچبەرین.
ترامپ ڕایگەیاند کە تۆم هۆمان وەک بەرپرسی ئەو دەزگایەی کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی سنوورەکانی ئەمەریکای لەسەرە لە ئیدارەی داهاتوودا دەستنیشان دەکات.