ڕێبەر ئەحمەد: لەمەودوا چەکەکانی دەوڵەت نابردرێنەوە ماڵەوە
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاساییەکی نوێ دەرچووە بۆ ئەو چەکانەی کە هی دەوڵەتن، هێزەکان نەیبەنەوە بۆ ماڵەوە.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان یاساییەکی نوێ دەرچووە بۆ ئەو چەکانەی کە هی دەوڵەتن، هێزەکان نەیبەنەوە بۆ ماڵەوە، ڕاشیگەیاند: هەماهەنگیی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی دەکەن بۆ ئەوەی هەر کەس تاوان ئەنجام بدات، سزای خۆی وەربگرێت و کەس نەتوانێت داڵدەیان بدات.
ڕێبەر ئەحمەد گوتی: لەو کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یاسایەک دەرچووە بۆ بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی چەک و مامەڵەکردن لەگەڵ چەک، ڕێکاریی پێویست گیراوەتە بەر لەلایەن دامەزراوەکانی پۆلیس، ئاسایش، پێشمەرگە، سەرەتا پێویستە ئەو چەکانە لە دامەزراوەکانی حکوومەت بپارێزرێن و نەبردرێنەوە ماڵەوە چیتر، گوتی: بەرنامەیەکی گشتگیر لەبەردەستە ڕەنگە لە ئایندەیەکی نزیکیشدا هەنگاوی باشتر بهاوێژرێت، ئەوەی دیکە پەیوەستە بە هاوکاریی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری لەبارەی ئەوانەی تاوان ئەنجام دەدەن، بەشێوازێکی یاسایی ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە و لە دادگا سزا وەربگرن، هاوکات کەس نەتوانێت بیانپارێزێت و لەدەست دادگا دەربازیان ببێت.