پەیامنێری کوردستان24: سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە نەناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان نیگەرانە

دادگای فیدراڵی
دادگای فیدراڵی

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایدەگەیەنێت: لە کۆبوونەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی و فراکسیۆنە کوردییەکان لە پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی دادگای فیدراڵی دووپاتی کردووەتەوە کە لە نزیکترین کاتتدا کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دارایی و فراکسیۆنە کوردییەکان ڕێک دەخات بۆ دۆزینەوەی ڕێگە چارەی گونجاو و دووبارە نەبوونەوەی دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

دووشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2024، شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: سەرۆکی دادگای فیدراڵی لە وەڵامی داوای فراکسیۆنە کوردییەکان بۆ چارەکردنی کێشەی دواخستنی مووچەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە، سەرۆکی دادگای فیدراڵی بڕیاریدا  لە نزیکترین کاتتدا کۆبوونەوەیەک ڕێک بخات وەکو هەڵویست وەرگرتنێک بەرامبەر ئەو کێشانەی هەن بۆ ئەوەی چارەی ڕیشەیی بۆ بدۆزرێتەوە، بە ئامادەبوونی هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و  و وەزیری دارایی فیدراڵ تەیف سامی و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان، بۆ ئەوەی بە هەمووان بەدوای چارەسەری کێشەکاندا بگەڕێن.

پەیامنێری کوردستان24 دەشڵێت: فراکسیۆنەکان پێیان وایە بە تەواوی پرسی مووچەی هەرێمی کوردستان بە سیاسیی کراوە.