بوڵتەنی عەرەبی تیشک دەخاتە سەر سەرژمێری و توندوتیژی دژی ئافرەتان و مێپس24
دامەزراوەی کوردستان 24 بەردەوامە لە پەخشکردنی بوڵتەنی عەرەبی لەڕێگەی پلاتفۆرمەکانی ڕاگەیاندنییەوە، تێیدا پێداچوونەوە بە گرنگترین کێشە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکات.
لە بوڵتەنی ئەمڕۆی دووشەممە 25 ی تشرینی دووەمی 2024 کە لە لایەن ئەحمەد عەبدولڕەزاق و خەمائل ساڵح پێشکەش دەکرێت، باس لە ژمارەیەک دۆسیەی جۆراوجۆر دەکرێت.
بوڵتەنەکە سەرەتا پێداچوونەوە بە بابەتی سەرژمێری دەکات کە تیایدا سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری ڕاگەیاند و ژمارەی دانیشتوانی عێراقی ڕوون کردەوە.
بوڵتەنەکە ئاماژە بە ڕێژەی نێر و مێ دەکات لە ئەنجامی سەرژمێریدا، جگە لە لێدوانەکانی وەزیری پلاندانان حکوومەتی هەرێمی کوردستان دارا ڕەشید سەبارەت بە ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بەپێی ئەنجامەکان.
له بەشێکی دیکەی بوڵتەنەکە، باس له پرسی توندوتیژی دژ به ئافرەتان دەکرێت بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ به ئافرەتان، ڤیان دەخیل پەرلەمانتار گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ تیشک خستنە سەر ئەم بابەتە گرنگە، میوانداریی دەکرێت.
بوڵتەنی عەرەبی چالاکییەکانی کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2024) دەخاتە ڕوو کە هەینی و شەممەی ڕابردوو لە زانکۆی ئەمریکی کوردستان لە دهۆک و بە سپۆنسەری میدیایی کوردستان 24 بەڕێوەچوو، ڕاپۆرتی ورد لەسەر کۆڕبەندەکە پێشکەش دەکات لەگەڵ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژمارەیەک سیاسەتمەدار و ئەکادیمیست کە ئامادەی کۆڕبەندەکە بوون.
هەروەها بوڵتەنەکە چەندین بابەتی جۆراوجۆر دەخاتە ڕوو کە سەرنجی بینەرانی عەرەب لە عێراق و کوردستان ڕادەکێشێت، لەوانە ڕاپۆرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، خزمەتگوزاریی و ئاسایش.
بوڵتەنەکە بە ڕاپۆرتێک کۆتایی دێت لەسەر خواردنی نەریتی زستانە "شێلغەم" کە بە شێوازی جۆراوجۆر لە شارەکانی کوردستان ئامادە دەکرێت.