مەلا بەختیار: لە چاودێر بەرپرسیارێتی هیچ  چالاكییەك لە ئەستۆ ناگرین بەبێ شەرعیەت بەناوی گەلاوێژەوە سازبکرێت

مەلا بەختیار
مەلا بەختیار

مەلا بەختیار دەڵێت: ئێمە لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر ‌و دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ، بەرپرسیارێتی هیچ بۆنە‌و چالاكییەك لە ئەستۆ ناگرین كە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێك بەناوی بنكەی گەلاوێژەوە سازبکرێت.

دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ لەسەر دواخستنی بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا، مەلا بەختیار دەڵێت: ئێمە لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر ‌و دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ، بەرپرسیارێتی هیچ بۆنە‌و چالاكییەك لە ئەستۆ ناگرین كە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێك بەناوی بنكەی گەلاوێژەوە سازبکرێت.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ، بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر و  دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و فێستیڤاڵی گەلاوێژ، كۆبۆوە.

لە كۆبونەوەكەدا، دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، تاوتوێی بەرنامەی كاری داهاتووی تۆڕەكەی كرد.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە، سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، رایگەیاند: لە ماوەی زیاتر لە چارەكە سەدەی ڕابردوو، بنكەی روناكبیری گەلاوێژ (26)فێستیڤاڵی سازكردوە و لە بیست و پێنجەمین فێستیڤاڵیشەوە، ئەم بۆنە ئەدەبی و ڕوناكبیرییە، هەنگاوێكی گەورەی ناو بوو بە فێستیڤاڵێكی نێودەوڵەتی.

گوتیشی: مەخابن، لەكاتێكدا سەرگەرمی ئامادەكاری بوین بۆ بیست و حەوتەمین فێستیڤاڵ، دۆخێكی ناهەموار بەسەر تەواوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێردا هات كە بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ، یەكێكە لە ئۆرگانەكانی ئەو تۆڕە، بەو هۆیەشەوە، بارەگا و بەشێكی زۆر لە كەلوپەلەكانی گەلاوێژیش دەستی بەسەردا گیرا.

دەشڵێت: لە كۆبونەوەكەدا، دەستەی باڵای سەرپەرشتی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەریی چاودێر، جەختی كردەوە لەوەی، بە هۆی ئەو بارە ناهەموارە و وەك بەرپرسیارێتیەكی پیشەیی ‌و ئەخلاقی بەرامبەر بە رەوت و سەنگ و دەسكەوتەكانی گەلاوێژ، بڕیارمان دا بە دواخستنی (27)هەمین فێستیڤاڵ، لێرەشەوە رایدەگەیەنین، ئێمە بەرپرسیارێتی تەواوی 26 فێستیڤاڵی رابردوو دەگرینە ئەستۆ‌و بە ڕێز و شانازیەوە لەو دەسكەوت و پێشكەوتنانە دەڕوانین كە فێستیڤاڵ و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بەدەستیان هێناوە لە چارەكە سەدەی رابردوودا، بە تایبەت، دامەزراندنی بنكە و سازدانی یەكەمین فێستیڤاڵ، لە ساتەوەختێكدا بوو، كە تاكە دەنگێك لە كوردستان دەنگی چەك ‌و تاكە ڕەنگیش ڕەنگی خوێن بوو، بەڵام گەلاوێژ وەك دەنگ و ڕەنگێكی جیاواز، توانی نائومێدی بڕەوێنێتەوە و رێچكەیەكی گرنگ بگرێتە بەر كە بەرهەمەكەی هەڵكەوتنی دەیان و سەدان قەڵەمی بەبڕشت و جوانبەخشە.

ئاماژەی بەوەش كرد،گشت نوسەران و رووناكبیران، دۆستانی گەلاوێژ ئاگادار دەكەینەوە، (27)هەمین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە رەسمی دواخراوە و لە ئایندەیەكی نزیكدا وادەی سازكردنی فێستیڤاڵ ئاشكرا دەكرێت و 27ەمین فێستیڤاڵ سازدەكرێت، جەختیشی كردەوە، ئێمە لە تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر ‌و بنكەی ڕوناكبیری گەلاوێژ، بەرپرسیارێتی هیچ بۆنە‌و چالاكییەك لە ئەستۆ ناگرین كە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێك بەناوی بنكەوە سازبدرێت، هەروەک دەسبەرداری مافی یاسایی خۆشمان نابین و رێچكەی یاسایی دەگرینە بەر بۆ پارێزگاری لە ناو و ناوبانگ و شكۆی بنكە و فێستیڤاڵی گەلاوێژ.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر لەو كۆبونەوەیەدا مەلا بەختیار و  دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بڕیاریان دا لە 27هەمین فێستیڤاڵەوە، خەڵاتێكی ساڵانە دابنرێت بە ناوی (خەڵاتی ساڵانەی سامی هادی بۆ داهێنان)، بۆ زیندوو هێشتنەوەی یاد و كارەكانی شادڕەوان سامی هادی كە لە 26 فێستیڤاڵی رابردوو رۆڵی باڵای لە فێستیڤاڵدا هەبوو.