"ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە عێراق دەگاتە 100 ھەزار"

رێکخراوی تەندروستی جیهانی: عێراقییەكان پابەند نابن

K24 - ھەولێر

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات، ژمارەی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق بگاتە 100 هەزار کەس.

ئەدهەم ئیسماعیل، نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق، نیگەرانی خۆی بەرامبەر بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق دەربڕی و رایگەیاند، گوێنەدان بە رێکارەکانی خۆپارێزی لەلایەن عێراقییەکانەوە وایکردووە بگەینە خاڵی پێش هەرەسهێنانی دۆخی تەندروستی لە وڵاتدا. 

نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی کرد، بەهۆی گوێنەدان بە رێکارەکانی خۆپارێزی، ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسەكە بگاتە 100 هەزارکەس.

بەگوێرەی دوایین ئامار، ئێستا ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق 11 هەزار کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 300 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.