موسا ئەحمەد: هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی ڕایگەیاند، هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە پێویستییان بەوەیە ئاژانس و ڕێکخراوەکان و یوئێن هاوکاریان بکەن.

سێشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2024، موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ڕێوڕەسمی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاربوونەوەی ئالودەبووانی ماددەی هۆشبەر، گوتی: "جێی شانازییە بۆمان ئەمڕۆ بەردی بنا‌غەی سەنتەری ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دادەنێین، لە ڕۆژانی ڕابردووش سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی مێپس لە دهۆک ئاماژەی بەوەدا کە ماددەی هۆشبەر لە شەڕی تیرۆر خراپترە."

سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەڵێت: "ئێمە وەکو دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەک چۆن پێشمەرگەی سەرۆک بارزانی بووین، بۆ ئەم پرسەش پێشمەرگە دەبین و هەموو توانایەکمان دەخەینە کار."

دەشڵێت: "سەرۆکی حکوومەت دەمێکە ئێمەی ڕاسپاردووە کە هاوکار بین لەو هەڵمەتە نیشتمانییە بۆ ئەوەی بناغەیەکی زانستی، مرۆڤی دابنرێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان بە شێوازێکی زانستیی."

گوتیشی: "سوپاسی ڕێکخراوی "LDS" دەکەین، بۆ هەموو ئەو پشتیوانیانەی لە دەزگای خێرخوازیی بارزانیان کردووە و هاوکار بوون لە دانانی بەردی بناغەی ئەم سەنتەرە و ماوەی 10 ساڵە "LDS" هاوبەشێکی کارای ئێمە بووە، جگە لەو پشتیوانییەی لەم سەنتەرە، هاوکاری 36 پرۆژەی دیکەی ئێمە کردووە."

ئاماژەی بەوەش دا "هێشتا ژمارەیەکی زۆر ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، کە پێویستییان بەوەیە ئاژانس و ڕێکخراوەکان و یوئێن لەگەڵمان بمێننەوە و هاوکارمان بن بۆ خزمەتکردنی ئەو ئاوارە و پەنابەرانەی کە لێرەن."

موسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی ڕاشیگەیاند "بە دڵنیاییەوە ئامانجی دامودەزگاکانی حکوومەت و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوە بووە ئەو ئاوارانە بە سەلامەتی و سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان، هەرچەندە ڕێکخراوەکان لەم ساتەدا جێیان هێشتین، بەڵام "LDS"  بە دەستێکی پڕەوە هاوکار و پشتیوانیی کردووین لە کردنەوەی  ئەم سەنتەرە."|

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment