سەرۆک وەزیران: بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی ماددەی هۆشبەر دەکەین
سێشەممە، 26-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان لە شاری هەولێر؛ ڕایگەیاند: "ماددەی هۆشبەر هۆکارێکی سەرەکی لاوازکردنی گەنج و لاوەکانمان و سەرمایەی مرۆیشمانە، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەک کار بۆ ڕێگەگرتن لە زیاتر تەشەنەکردنی ئەم هەڕەشەیە گەورەیە دەکەین. هەر بۆ ئەم مەبەستە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی باڵای بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان پێک هێناوە کە ژمارەیەک لە وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان تێیدا بەشدارن؛ هەروەها سندووقێکیش بۆ پەرەپێدان و شیاندنەوەی و چارەسەریی ئالوودەبووانی ماددەی هۆشبەر دروست کراوە."