شاخەوان عەبدوڵڵا: دەست لە یەخەی وەزیری دارایی عێراق بەرنادەین تا کێشەی مووچە چارە نەکرێت

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەوڵ دەدەین لە ڕۆژی پێنجشەممە، خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای هەمواری بودجە بکەین، بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوو، کە دوایین هەفتەی کاری پەرلەمانە، دەنگی لەسەر بدرێت. ئەو گوتی: "سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی گوتم، ئێمە لەسەر خەتین دڵنیابە کێشەی مووچە چارە دەکرێت."
د. شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پرۆژە یاسای هەمواری بودجە، لەبەرنامەی کاری ئەمڕۆ دانراوە، هەوڵیش دەدەین ڕۆژی پێنجشەممە، خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی هەفتەی داهاتوو کە دوایین هەفتەی کاری پەرلەمانە دەنگی لەسەر بدرێت."
گوتیشی: "تاکە بەربەست ئێستا کە ماوە، تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتە کە هەموار کراوە و بۆمان هاتووە، لەدوای دەنگدان لەپەرلەمان، هیچ بەربەستێک لەبەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم نامێنێت و دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
ئاماژەی بەوەش کرد "تاوەکوو ئێستا هیچ لایەنێک و کوتلەیەکی سیاسی باسی بابەتی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوتی نەکردووە و یان نیگەرانی خۆی دەرببڕێ، چونکە سەرۆک وەزیران لەکۆبوونەوەی هاوپەیمانی دەوڵەت گوتی: زۆر بەلایانەوە گرنگ بووە ئەو پرۆژەیە تێپەڕێنرێت، چونکە هەناردە نەکردنەوەی نەوتی هەرێم زیانێکی زۆر بە عێراق دەگەیەنێت." ڕوونیشی کردەوە "گرێبەستەکانی ئەوان لەگەڵ ئێمە جیاوازە، هەروەها ئەو ناوچەیەی نەوتی تێدایە لەگەڵ ئێمە جیاوازە، بۆیە هەمو لایەک بەو ئاراستەیە بوون کە هەمواری پرۆژەکە بکرێت."
سەبارەت بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گوتی: "ئەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەری بووە کردوویەتی، هەروەها بیانووی جۆراوجۆریان هەی کە دەڵێن: ئێوە ئینفاقی فیعلی قەبارەی خۆتان خەرج کردووە، بەڵام ئەمە وانییە، چونکە 13 تریلیۆن دینارمان هەیە، کە دەکرێت لە بودجەی وەبەرهێنان بگوازرێتەوە، کە سەرۆکوەزیرانیش دەسەڵاتی هەیە ئەو گواستنەوەیە بکات."
ڕاشیگەیاند "دوێنێ دووشەممە، لە کۆبوونەوەمان لە دادگای فیدراڵی بە سەرۆکی دادگای فیدراڵیم گوت: کاتێک تۆ بڕیارێکت دەرکرد کە 100 ملیار دینار تەواوکاری بودجەی حکوومەت بوو ببڕرێت، وەزارەتی دارایی ڕاستەوخۆ بڕی، بەڵام خێرە کە تۆ بڕیارت داوە مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بەهیچ بابەتێکی دیکە نەکرێت و هاوشێوەی شارەکانی دیکە بدرێت، تەیف سامی جێ بەجێی ناکات، کە ئەمە سیاسەتێکی خراپە بەرامبەر بە خەڵکی ئێمە باەکاری دەهێنێت."
دەشڵێت: "سەرۆکی دادگا گوتی: من کە بڕیارم دا بۆ ئەوە بووە کە مووچەی فەرمانبەران مانگانە بگات. سەرۆکی دادگا باسی لەوەش کردووە نەمزانیووە دوو مانگە مووچەی فەرمانبەران نەهاتووە، هەروەها ئەمڕۆش دووپاتی لەسەر قسەکانی ئێمە کردەوە کە گوتی دەبێت بەیەک چاو سەیری مووچەخۆرانی عێراق بکرێت."
جەختیشی کردەوە بە سەرۆک وەزیرانم گوت: "ئەمە سیاسیەتی برسیکردنی خەڵکە، هیج پاساوێکی یاسایی نییە مووچەی خەڵک ببڕرێت، ئەویش گوتی ئێمە لەسەر خەتین، دڵنیابە کێشەی مووچە چارە دەکرێت." ئاماژەی بەوەش کرد "لەسەر بابەتی مووچە پێشتر دووجار لەگەڵ وەزیری دارایی فیدرال تووشی گرژیی بووم، بۆیە تاوەکوو کۆتا سات هەموو ڕێگە یاساییەکان دەگرینە بەر، ئەگەر کێشەی مووچە چارە نەکات."