زەنگی ئاگەدارکردنەوە لە ناوەندی ئیسرائیل لێ دەدرێت

بۆردومان
بۆردومان

دوای لێدوانەکانی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، زەنگی ئاگەدارکردنەوە لە ناوەندی ئیسرائیل و باکووری لێ دەدرێت.

سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، دوای لێدوانەکانی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لەبارەی ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ لوبنان و ئاشکرا کردنی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، زەنگی ئاگەدارکردنەوە لە ناوەندی ئیسرائیل و باکووری لێ دەدرێت، تا ئێستا ڕوون نییە زەنگی ئاگەدارکردنەوەکە بۆ ئەگەری هێرشێکی نوێیە بۆ سەر ئیسرائیل، یاخود مەبەستێکی دیکەی لەدواوەیە.

سێشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2024، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ حزبوڵڵای لوبنانی گوتی: ئاگربەست لەگەڵ لوبنان ڕێگە بە ئیسرائیل دەدات تیشک بخاتە سەر هەڕەشەکانی ئێران، دەشڵێت: ئیسرائیل پارێزگاریی لە ئازادی هاتوچۆ لە تەواوی لوبنان دەکات.

ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئیسرائیل بەتوندی تۆڵە دەکاتەوە ئەگەر حیزبوڵڵا ڕێکەوتنی ئاگربەست پێشێل بکات.

وەک پێشتر هەوڵەکان خرابوونە گەڕ بۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی، بە ناوبژی کردنی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمەریکا، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵای لوبنانی بۆ ماوەی 60 رۆژ  ڕاگەیەندرا.

درەنگانی شەوی دووشەممە، 30-09-2024، سوپای ئیسرائیل هێرشێکی "سنووردار"ـی وشکانی بۆ سەر باشووری لوبنان دەست پێ کرد بە مەبەستی "لەنێوبردنی ژێرخانی سەربازیی و مووشەکیی حزبوڵلای لوبنانی" و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی بۆ باکووری وڵاتەکەیان.