ڤیان سەبری: بەغدا بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت

ڤیان سەبری
ڤیان سەبری

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی  کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەغدا بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت لە نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: "سەرباری هەموو بیانووەکان، هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ دەستخستنی مافەکانی هەرێمی کوردستان لە مووچە و شایستە داراییەکان."

چوارشەممە 27ـی تشرینی دووەمی 2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "چەندان ساڵە کێشەی جێبەجێنەکردنی ماددەکانی دەستوور و جێبەجێنەکردنی ڕێککەوتنی سیاسی و جێبەجێنەکردنی خاڵەکانی نێو بودجە هەیە؛ ئەوان لە بودجەی ئەمساڵ بیانوویان ئەوەیە خەرجی عێراق 211 ترلیۆنە، دەڵێن: نەخێر ئێمە خەرجیی ڕاستەقینەمان کردووەتە 140 بۆ 150 ترلیۆن دینار، بەشی ئێمەش لەو بڕە پارەیە سەدا 12.67 دەبێت، بۆیە تا ئێستا ئەو پارەیەی کە لەو بڕە بە ئێمە دراوە تەنها 9 ترلیۆن دینارە، کە پێویست بوو 13 ترلیۆن دینار بێت، لەو چوارچێوەیەشدا مافی فەرمانبەران  کە مووچەیە و دەبێت هەموو مانگێک بەغدا ئەو مافە بە مووچەخۆرانی هەرێم بدات، ئەوە مانگی 10 یە و تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەک لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نەهاتووە و نەنێردراوە، بۆیە پرسی خەرجی ڕاستەقینە کێشەیەکی گەورەیە بەو بەشە پارەیەی کە دەیدەن بە ئێمە، ئاشکرایە کێشەکە سیاسییە."

ڤیان سەبری دەڵێت: "لەنێو یاسای بودجەدا ماددەی پێنج، ئاماژە بەوە دەکات کە وەزیری دارایی دەسەڵاتی گواستنەوەی پارەی هەیە، ئێستا 4 ترلیۆن دینار مافی هەرێمی کوردستان لای ئەوان ماوە، وەزیری دارایی و سەرۆک وەزیران دەتوانن و دەسەڵاتییان هەیە ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن."

دەشڵێت: "هەموو مانگێک وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی خۆی دەنێرێت کە دەبێت کەمتر لە چوار ڕۆژ وردبینی بۆ بکرێت، بەڵام ئەوان بە مانگ دوای دەخەن."

ڤیان سەبری ئاماژە بەوە دەکات "هیچ مافێکیان بە کورد نەداوە گواستنەوە بەو پارەیە بکەن کە لە بوودجەی وەبەرهێنان هەیە بۆ بوودجەی بەکاربردن، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو کورتهێنانە پڕ بکرێتەوە بۆ مووچەی فەرمانبەران لە مانگەکانی 10 و 11 و 12."

دەشڵێت: "بەغدا بەپێی میزاج پارە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت و دادەنێت. بەپێی ئەو لیستەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەغدا دەنێردرێت، پارە بە هەرێمی کوردستان نادەن." ڤیان سەبری گوتی: "سەرباری هەموو ئاستەنگەکانی بەغدا بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە هەوڵەکانی خۆی بۆ چارەکردنی ئەو گرفتانەی کە مانگانە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست دەکرێت."