شوان کەلاری: ئەگەری هەیە سبەی دانیشتنی پەرلەمان نەکرێت

شوان کەلاری، بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت: "ئەگەر زۆرە سبەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق نەکرێت، چونکە هیچ زەمینەسازییەک و ڕێککەوتنێک لەبارەی پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکانی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی رژێمی بەعس پەیوەست بە زەوی و زار لە کەرکووک کە داواکاری کوردە و پڕۆژە یاسای لێبوردنی گشتی نییە کە داواکاری سوننەکانە، لەگەڵ پڕۆژە یاسای باری کەسێتی کە داواکاری لایەنە شیعییەکانە."
شوان کەلاری گوتی: "ئەوان ویستیان بەیانی، بەتەنها لێبووردنی گشتی، یاسای گەڕاندنەوەی زەوییە داگیرکراوەکان دوا بخرێت، ئەمڕۆ فشارێکی زۆریان کرد بۆ ئەوەی بەیانی یاسای کاروباری کەسێتی بڕوات، ئێمە وەکو لایەنی کوردستانی پێمان گوتن باشتر وایە هەر سێ بابەتەکە بخەنە دەنگدان کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە، تا ئێستا ڕێککەوتنێک دروست نەبووە، بۆیە پێدەچێت ئەوەش ببێتە هۆیەک دانیشتنەکە نەکرێت."
شوان کەلاری گوتی: "لەم هەفتەیەدا یەک دانیشتن هەبووە و سێ بۆ چوار هەفتەیە پەرلەمان دانەنیشتووە، بەهەموو پێوەرێک دەبووا دانیشتنی سبەی بکرابایە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی لەسەر خشتەی کار، کە دەیانەوێت یاسای کاروباریی کەسێتی بڕوات، ڕەنگە سبەی دانیشتنەکە نەکرێت."