یەکێتیی ئەورووپا بەنیازە بودجەی بەرگریی بۆ ساڵی 2025 زیاد بکات
زیاتر لە هەزار رۆژە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا بەردەوامە، بەرامبەر هەڕەشە و قەیرانەکان یەکێتیی ئەورووپا بەنیازە بودجەی بەرگریی بۆ ساڵی 2025 زیاد بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە ڕووسیا بەنیازە بودجەی بەرگریی بۆ 145 ملیار دۆلار زیاد بکات، هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی کە زیاتر لە 20 وڵاتی ئەندام لە یەکێتیی ئەورووپا لەخۆدەگرێت، بودجەی بەرگریی بۆ ئەمساڵ بەڕێژەی ٪18 زیاد کرد.
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا، لە کاتێکیشدا چەندین قەیران بەرۆکی یەکێتیی ئەورووپای گرتووە، خولی نوێی کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا لە پەرلەمانەکە پەسند کرا.
یەکێک لە قەیرانەکان جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیایە، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت بودجەی بەرگریی یەکێتی ئەورووپا زیاد دەکەن.
ئورسولا ڤۆن دێرلاین، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا دەڵێت: پێویستە هێندەی هەڕەشەکان خواستمان هەبێت، بۆیە لە 100 ڕۆژی یەکەمی ئەو خولە ڕاپۆرتێك لەبارەی ئایندەی بەرگریی ئەورووپا ئامادە دەکەین، دەتوانم دڵنیاتان بکەمەوە ئاسایشی ئەورووپا هەمیشە کاری لەپێشینەی ئەو کۆمیسیۆنە دەبێت."
هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە 32 وڵات پێک دێت، لەو ژمارەیە 23 وڵات ئەندامن لە یەکێتیی ئەورووپا، هاوپەیمانییەکە لە سەرەتای ساڵی 2024 بڕیاریدا بۆ ئەمساڵ خەرجییەکانی بەڕێژەی ٪18 زیاد بکات و ترلیۆنێك و 470 ملیار دۆلار لەبواری بەرگریدا خەرج بکات.
هاوکات پشکی وڵاتانی ئەورووپا لە خەرجییەکانی ناتۆ 380 ملیار دۆلار دەبێت.
بەگوێرەی ئاژانسی بەرگریی ئەووروپا، خەرجییەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە بۆ ساڵی 2024 زیاتر لە 344 ملیار دۆلار دەبێت، کە دەکاتە لە ٪1.9ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
لە بەرامبەردا بودجەی بەرگری ڕووسیا لە ساڵی 2024 زیاتر لە 91 ملیار دۆلار بووە، بۆ ساڵی 2025 بەنیازە بودجەی بەرگریی بۆ 145 ملیار دۆلار زیاد بکات، کە دەکاتە نزیکەی لە ٪6.3ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ڕووسیا.