ساسان عەونی: هەموو ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکانیان تێدایە، دەبێت زەوی وەربگرن

پێنجشەممە 28-11-2024، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، جەختی لەسەر خێراکردنی پرۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا کردەوە.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە بایەخی بڕیاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا كرد و جەختی لەسەر خێراكردنی پرۆسەكە و چارەكردنی هەر جۆرە گرفتێك كە دێنە بەردەم هەندێك لە شارەوانییەكان، كردەوە.
ساسان عەونی گوتیشی: "تیمەكانی شارەوانی لە ماوەی ڕابردوودا كاری باشیان بۆ دابەشكردنی زەوی كردووە، هاوكات دەبێت بڕیاری دابەشكردنی زەوی بە ئامانجەکانی بگات و ئەو گرفتانەی لە هەندێک شارەوانیەکان هەن، پێویستە بەزوویی چارە بکرێن و پرۆسەکە خێراتر بکرێت، بۆ ئەوەی هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە مەرجەکان دەیانگرێتەوە، زەوی وەربگرن و لە بڕیارەكەی حكوومەت سوودمەند بن."

لە 16ی مانگی ڕابردووە پرۆسەی دابەشکردنی زەوی لە هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردووە و یەکەم جار ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ قۆناغی یەکەمی دابەشکردنی زەوییەکانی ڕاگەیاند. 

ڕووبەری ئەو زەوییەی بە هەر فەرمانبەرێک دەدرێت 200 مەتر دووجایە و دابەشکردنیشی بەشێوەی تیروپشک و بەپێی سیستمی خاڵبەندی و ساڵانی خزمەت و ژمارەی ئەندامانی خێزان و شوێنی نیشتەجێبوون دەبێت.