ئەکرەم ئیمام ئۆغلو داوەتی هەولێر دەکرێت
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە ئیستانبوڵ، لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو پارێزگا کرایەوە، هاوکات ئیمام ئۆغلو بە فەرمی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێری بانگهێشتی لووتکەی پارێزگار و سەرۆکی شارەوانییەکانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقای کرد کە بڕیارە 12ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت، ئومێد خۆشناویش سڵاو و ڕێزی سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی گەیاندە ئەکرەم ئیمام ئۆغلو و داوەتی هەولێریشی کرد.
پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ئومێد خۆشناو لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بۆ رۆژنامەنووسان گوتی: هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ تورکیا و دەمەزراوەکانی ئەو وڵاتە هەیە، خواستمان هەیە ئەو پەیوەندییانە باشتر بکەین بەتایبەت لە بواری بازرگانیدا کە ئێستا ساڵانە نزیکەی 30 ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، هەرێمی کوردستانیش بووەتە دەرگایەک بۆ هەموو عێراق، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا لە دەرگاکانی ئێمەوە لە هەرێمی کوردستانەوە دەکرێت.
ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند کە، بانگهێشتی ئەکرەم ئیمام ئۆغلو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ دەکات بۆ ئەوەی سەردانی هەولێر بکات، هاوکات سوپاسی ئیمام ئۆغلوی کرد بۆ ئەو بانگهێشتەی کردوونی بۆ کۆنفرانسەی کە لە 12ـی کانوونی یەکەم لە ئیستانبوڵ بەڕێوەدەچێت و پارێزگار و سەرۆک و شارەوانییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا تێیدا بەشدار دەبن، هیوای سەرکەوتنی کۆنفرانسەکەی بۆ کردن.