وەزارەتی ناوخۆ و ئەڵمانیا ڕاهێنان بە تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکەن

تیمە خۆبەخشەکان
تیمە خۆبەخشەکان

لە چوارچێوەی بەرزکردنەوەی هۆشیاری و بەرەوپێشبردنی سیستەمی وەڵامدانەوەی قەیران و کارەسات لە هەرێمی کوردستان و بەرزکردنەوەی توانای وەڵامدانەوەی قەیران و کارەساتەکان، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی، دووەمین خولی ڕاهێنانیان بۆ تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.

پێنجشەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2024، ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا، ئاژانسی فیدراڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی، دووەمین خولی ڕاهێنانیان بۆ تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کردەوە.

ناوەندەکە ئاماژە بەوە دەکات کە، خوولەکە لە 24ـی تشرینی دووەم تاکوو 28ـی تشرینی دووەم، بۆ ماوەی هەفتەیەک بەردەوام بوو، تێیدا 25 کەس لە تیمی وەڵامدانەوەی خێرای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشدارییان کرد، ڕاهێنەران لەوڵاتی ئەڵمانیاش وانەکانی خوولەکەیان پێشکەش کردووە کە لەبارەی چۆنیەتی ئاگرکوژێنەوە، چۆنیەتی گرێدان، ڕزگارکردنی کەسەکان لە ناو ئۆتۆمبێلی تێکشکاو، دروستکردنی بەربەست لە بەردەم لافاو، بەکارهێنانی ئامێرەکانی ناو ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری"، لەگەڵ ڕاهێنەرانی ئاژانسی فیدڕاڵی ئەڵمانی بۆ هاوکاری تەکنیکی و پەیمانگای بەرگریی شارستانی و تیمی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی پارێزگای هەولێر.

ناوەندەکە ڕایدەگەیەنێت: تاکوو ئێستا 7 تیمی وەڵامدانەوەی خێرا لە سەرجەم پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دامەزراون، کە لە 171 ئەندام پێکدێن و دابەشدەبن بۆ 119 پیاو و 52 ئافرەت، بڕیاڕە لە ساڵی 2025 دوو تیمی دیکەی وەڵامدانەوەی خێرای مرۆیی لە پارێزگای کەرکووك و ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین دابمەزرێت.