راگری نوێ کۆلێژی سەربازی زاخۆ دەستبەکار بوو

ئەمڕۆ 22ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی لیوا نەزیر عاسم ئاغا، سەرۆکی ئەکادیمیای سەربازی عێراق و بە نوێنەرایەتی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر رەشید یاروڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراقی فیدراڵ، عەمید بەهجەت محەممەدشەریف بارزانی وەک راگری کۆلێژی سەربازی زاخۆ دەستبەکاربوو.

دەستنیشانکردنی بارزانی لەسەر راسپاردەی سەرۆک بارزانی و بە رەزامەندی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی فیدراڵ بووە.

بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کۆلێژی سەربازی زاخۆدا، کە لە ساڵی 1996 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی دامەزراوە، دەرچوویەکی هەمان کۆلێژ ئەم ئەرکەی پێ دەسپێردرێت. بەهجەت بارزانی یەکێکە لە پاشماوەکانی ئەنفال، کە باوکی و 14 ئەندامی دیکەی خێزانەکەی لە شاڵاوەکاندا ئەنفالکراون.

پرۆفایلی راگری نوێی کۆلێژی سەربازی زاخۆ:

 ناوی تەواو: بەهجەت محەممەدشەریف جەمیل بارزانی.
لەدایکبووی 2ـی ئابی 1979.
لە ساڵی 1998 لە سوپای بارزان بووەتە پێشمەرگە.
 لە ساڵی 2003 پەیوەندی بە خولی هەشتەمی کۆلێژی سەربازی زاخۆوە کردووە.
 لە ساڵی 2005 بە پلەی ملازم دەرچووە و بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سەربازییەکان بەدەستهێناوە، دواتر گواستراوەتەوە بۆ ریزەکانی سوپای عێراقی فیدراڵ.
لە ساڵی 2006 گواستراوەتەوە بۆ کۆلێژی سەربازی زاخۆ.

پۆست و ئەرکە سەربازییەکان:

بارزانی لە ماوەی کارکردنیدا چەندین ئەرکی وەرگرتووە، لەوانە:

 ئەفسەری حەرەکاتی فەوجی 3، لیوای 3، فیرقەی 2 لە مووسڵ و مەخموور.
 فەرماندەی پەلی مەشقی قوتابیانی خولەکانی 11، 13 و 15ـی کۆلێژی سەربازی.
 جێگری فەرماندەی لقی خۆپیشاندان و راهێنان.
 فەرماندەی لقی خۆپیشاندان و راهێنان.
 ئەفسەری روکنی قۆناخەکانی مەشق لە باڵی مەشق.
 فەرماندەی بەتالیۆنی دووەمی مەشقی قوتابیان.

بڕوانامە زانستییەکان:

بەکالۆریۆس لە زانستە سەربازییەکان لە کۆلێژی سەربازی زاخۆ.
بەکالۆریۆس لە یاسا لە زانکۆی نەورۆز لە دهۆک.
ماستەر لە یاسای گشتی لە زانکۆی سۆران.

خولە سەربازییەکان:

خولی رشتەی پیادە.
خولی فەرماندەی لق.
خولی جێگری یەکەکان.
خولی فەرماندەی یەکەکان.

بە بۆنەی دەستبەکاربوونییەوە، سەرجەم ئەفسەران و مامۆستایان و فەرمانبەرانی کۆلێژی سەربازی زاخۆ، پیرۆزبایی لە راگری نوێی کۆلێژەکە دەکەن و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازن لە ئەرکە نوێیەکەیدا.