قایمقامی قوشتەپە: ژمارەیەک خزمەتگوزاری بۆ رێگری لە لافاو جێبەجێ دەکرێن
قەزای قوشتەپە لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا، چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدانی لە بواری ئاو، رێگاوبان، تەندروستی، پەروەردە، کارەبا و دامەزراندنی هەلی کاردا بەخۆوە بینیوە، پرۆژەگەلێک کە بە ئامانجی باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و گۆڕینی ژێرخانی قەزاکە جێبەجێ کراون.
لەو بارەوە ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تسرینی دووەمی 2026، بژار مەلا خدر قایمقامی قوشتەپە بە کوردستان24ی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەشیکی زۆری داواکارییە بنەرەتییەکانی خەڵک چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش بووەتە مایەی دڵخۆشی هاووڵاتیان، بەتایبەت کە ساڵانێک بوو دەڤەرەکە بە دەست کۆمەڵێک کێشە و گرفتی بنەرەتییەوە دەیناڵاند.
لە چەند رۆژی رابرووشدا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان و ڕێگریکردن لە دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی باراناو، ژمارەیەک پڕۆژەی گرنگ و ستراتیجیی خزمەتگوزاری لە سنووری قوشتەپە جێبەجێ کران کە بە تەواوبوون و کەوتنەکاری ئەم پڕۆژانە، کۆتایی بە گرفتی چەندین ساڵەی پەنگخواردنەوەی ئاوی باران و مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو لە سنووری قوشتەپە دەهێنرێت و ئاستی خزمەتگوزاریی ژێرخانی ناوچەکە پێش دەکەوێت.
لە بواری ئاو و ئاودێریدا، پرۆژەیەکی گەورەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بە تێچووی زیاتر لە 222 ملیار دینار جێبەجێ کراوە. لە بواری رێگاوبان و شارەوانیشدا، 30 شەقام و 42 کۆڵان بە درێژایی 28 کیلۆمەتر ئەسفالت کراون. وتیشی لە کەرتی تەندروستیدا، بنیاتنان و نوێکردنەوەی چەند ناوەندی تەندروستی و پەرەپێدانی دامەزراوەکان لە پلانی کاردا بووە، لەگەڵ جێبەجێکردنی پرۆژەی قوتابخانەی نوێ و زیادکردنی پۆلەکانی خوێندن بۆ باشترکردنی ئاستی خزمەتگوزاریی پەروەردە. لە هەمان کاتدا، چەندین پرۆژەی کەرتی کارەبا بۆ نوێکردنەوە و پەرەپێدانی تۆڕی کارەبا جێبەجێ کراون، بە چاالاککردنی کەرتی تایبەت و پشتگیری لە کۆمپانیا و پرۆژە بازرگانییەکانیش، 1519 هەلی کاری نوێ بۆ هاوڵاتیان دابین کراوە.
لە بواری کۆمەڵایەتیشدا، خزمەتگوزارییەکانی پاراستنی کۆمەڵایەتی و دابینکردنی پێداویستییە بنەڕەتییەکان بۆ خێزانە کەمداهاتەکان بەردەوام بوون.
بەگشتی، ئەم پرۆژە و هەنگاوانە وێنەیەکن لە جوڵەی خزمەتگوزاری و گەشەپێدان لە قەزای قوشتەپە، بە ئاراستەی پەرەپێدانی ژێرخان، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و فراوانکردنی دەرفەتەکانی کار و ژیان بۆ دانیشتووانی ناوچەکە.