ئێران سندووقە رەشەکەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە رادەست دەکات

پێیان وانییە هیچ زانیارییەکی ئەوتۆ لەنێو سندووقەکەدا مابێت

K24 - هەولێر

حکومەتی ئێران پاش تێپەڕبوونی پێنج مانگ بەسەر خستنەخوارەی فڕۆکەیەکی مەدەنیی ئۆکراینا لە ئاسمانی تاران، رەزامەندی نیشاندا، سندووقی رەشی فڕۆکەکە رادەستی ئەو وڵاتە بکات.

ئەو بڕیارەی حکومەتی ئێران پاش داواکاری و گوشاری ئۆکراینا، فەرەنسا، کەنەدا و بنەماڵەی قوربانییەکان دێت، کە داوایان کردبوو بۆ ئاشکراکردنی هۆکاری خستنەخوارەوەی فڕۆکەکە، دەبێ سندوقە رەشەکەی رادەست بکرێت و لێکۆڵینەوەی وردی لەسەر بکرێت.

موحسن بەهاروەند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی و نێودەوڵەتی، رەزامەندیی وڵاتەکەی بۆ رادەستکردنی سندووقی رەشی فڕۆکەکە ئاشكرا دەکات، کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە دۆسییەکەیە.

ئەو بەرپرسە ئێرانیە دان بەوەدا دەنێت، وڵاتەکەی ناتوانێت کۆدی سندووقی رەشی فڕۆکە ئۆکراینییەکە بکاتەوە، جەختیش دەکاتەوە، ئەوان هیچ بابەتێکیان بۆ شاردنەوە نییە و بڕواش ناکەن، زانیاریەکی ئەوتۆ لە سندووقەکەدا مابێت.
سەبارەت بە هۆکاری رادەستنەکردن و دواخستنی ئەو پرۆسەیە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران هۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی نەیانویستووە ئەو دۆسیە لەدژی ئێران بەکاربهێندرێت و ''سوودی نابەجێی لێوەربگیرێت".

سەرەتای ئەمساڵ، فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراینا، کە 176 سەرنشینی تێدابوو، لەلایەن سیستەمی بەرگری ئێرانەوە کرایە ئامانج و بەهۆیەوە تەواوی سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا، سەرەتا حکومەتی ئێران رەتیکردەوە، فڕۆکەکە لەلایەن ئەوانەوە خرابێتە خوارەوە، بەڵام دواتر دانی پێدانا و بە هەڵەیەکی مرۆیی ناوی برد.

ئەمە لەکاتێکدایە ئۆکراینا رایگەیاندووە، ئەو بابەتە تەنیا پەیوەندیی بەوەوە نییە، کە سەربازێک ئەرکی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی جێبەجێکردبێت، بەڵکو ئەوان دەیانەوێت ئەو سەرکردانەش ئاشکرابکەن، کە فەرمانی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەیان داوە.

 

 

هـ.ر.