ئەمەریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا داوای ڕاگرتنی شەڕی سووریا دەکەن
ئەمەریکا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا بەیاننامەیەکی هاوبەشیان دەرکرد و داوا دەکەن شەڕی سووریا بوەستێت و خەڵکی مەدەنی و ژێرخانی وڵاتەکە بپارێزن.
بەیاننامەکە، لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بڵاوکراوەتەوە، تییدا هاتووە "هەڵکشانی ململانێکانی سووریا پێویستی بەوەیە سەرکردایەتیی سیاسیی سووریا بەپەلە دۆخەکە چارە بکات کە لەگەڵ بڕیارنامەی ژمارە 2254 ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بگونجێت." بڕیارنامەکە ساڵی 2015 لەبارەی پرۆسەی ئاشتیی سووریا لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پەسەند کراوە.
دوێنێ یەکشەممە، 1-12-2024، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پەیوەندییەکیدا لەگەڵ هاکان فیدان هاوتا تورکەکەی، جەختی لەسەر "پێویستی ڕاگرتنی پەرەسەندنەکان" لە سووریا کردەوە، دوای ئەوەی گرووپە چەکدارەکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دەستیان بەسەر حەلەبدا گرت.
ڕوانگەی سووری بۆ مەفەکانی مرۆڤ ڕایگەیاندبوو "گرووپە چەکدارەکان کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتیان دەکرێت، سەرکەوتوو بوون لە کۆنترۆڵکردنی ژمارەیەک شار و لادێکانی حەلەب."
دوێنێ یەکشەممە، دەستەی تەحریر شام و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانی کۆنترۆڵی هەموو شاری حەلەبیان کرد.
لە کاتێکدا سوپای سووریا بەڵێنی داوە هەموو ئەو ناوچانەی کە کەوتوونەتە ژێر دەستی گرووپە چەکدارەکان کۆنترۆڵیان بکاتەوە، لە ئێستاش هێزی زیاتریان ڕەوانەی لادێکانی حەلەب و حەما کردووە.