پەرلەمانی عێراق کۆ دەبێتەوە و دوو وەزیریش بانگهێشت کراون
بڕیارە ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوە دواخراوەکەی دوێنێ بکات و دەنگ لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک بدات.
دوای ئەوەی دوێنێ یەکشەممە، 01-12-2024، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ئامادەنەبوونی زۆرینەی ڕەهای یاسایی ئەندامان دواخرا، وا بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 02-12-2024، کۆبوونەوەکە بکرێت.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاندووە، کۆبوونەوەکە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ دەکرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، دەنگ لەسەر چەند پرۆژەیاسایەک دەدرێت کە بریتین لە پرۆژەی هەمواری یاسای باری کەسێتی ژمارە 188ـیساڵی 1959، هەروەها پرۆژەیاسای گەڕاندەوەی ئەو موڵکانەی لەلاین ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی بەعسی هەڵوەشاوەوە دەستیان بەسەردا گیراوە، بۆ خاوەنەکانیان. یاسای گرنگی سێیەمیش، کە بڕیارە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدات، هەموارکردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە 27ـی ساڵی 2016یە.
چەند پرۆژەیە یاسایەکیش گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت لەوانە؛ خوێندنەوەی دووەم بۆ یاسای فڕۆکەوانیی مەدەنی عێراق و خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای شارە پیشەسازییەکان.
هەروەها بڕیارە ئەمڕۆ لەسەر داوای سەرۆکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، لەسەر ڕەوشی سووریا و ڕووداو و پێشهاتە نوێکانی ناوچەکە، وەزیری بەرگریی و سوپاسالاری عێراق بچنە پەرلەمان.