ئێرانییەکان شانازیی بە جوانیی ئەسفەهانەوە دەکەن

ئێرانییەکان زۆر شانازیی بە جوانیی شاری ئەسفەهانەوە دەکەن، دەڵێن: ئەسفەهان نیوەی جیهانە!
ئەسفەهان لە سەردەمی شا عەباسی سەفەویدا پاتەختی ئێران بووە، گەلێک خانوو و دامەزراوەی جوان و مێژوویی تێدایە کە تا ئێستەش جێ سەرنجی گەشتیارانن. یەکێک لەو خانووانە، ماڵی مەلا باشییە. 
ئەم خانووە دەکەوێتە ناوەڕاستی شاری ئەسفەهان لە شەقامی هەشت بەهەشت. 
خانووەکە، تێکەڵەیەکە لە هونەری بیناسازیی سەردەمانی سەفەوی زەند و قاجارییەکان. دیمەنی دەرەوەی خانووەکە هێندە سەرنجڕاکێش نییە، بەڵام ڕەنگی پەنجەرە و دیکۆری ناوەوەی ژوورەکان و ڕازاندنەوەیان، ترۆپکی هونەری وەستا کارامەکانی ئێرانی نیشان دەدەن. 
هەر یەک لە ژوورەکانی ئەو خانووە، دیکۆر و ڕازانەوەی تایبەت و بێ کەموکووڕیی هەیە، شووشەی ڕەنگاوڕەنگی پەنجەرە، گەچکاریی دیوار و بنمیچ، ڕایەخ و چراخان، پێکەوە هارمۆنییەکی ناوازەیان پێک هێناوە. 
مەلا باشی، ئەستێرەناس (منجم) ی تایبەتیی ناسرەددین شای قاجار بووە، پیاوێکی دەوڵەمەند و ناسراوی ئەسفەهان بووە. ئەم خانووەی کڕیووە و دەستکاری و فراوانی کردووە. شایانی باسە، کاتێک (ظل السلطان)ی کوڕی ناسرەددین شا، زۆربەی خانووە جوانەکانی ئەسفەهانی وێران کرد، ئەم خانووە بەر وێرانکارییەکە نەکەوت. دواتر لەلایەن بنەماڵەی موعتەمەدییەوە خانووەکە کڕرا و ئێستەش بەناوی ماڵی مەلا باشی- موعتەمەدی ناسراوە.
ساڵی 1990 ماڵی مەلا باشی، وەک میراتی فەرهەنگیی میللیی ئیران، تۆمار کراوە.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment