دەستەی کەشناسی عێراق: پلەی گەرما لەسلێمانی دەگاتە سفری سیلیزی
![](https://d2wqffb2bc8st5.cloudfront.net/images/1732520239_kurdistan24.jpg)
دەستەی کەشناسی عێراق پێشبینی دەکات، سبەی چوارشەممە نزمترین پلەی گەرما لە پارێزگای سلێمانی دەگاتە سفر پلەی سیلیزی.
سێ شەممە، 3-12-2024، دەستەی کەشناسیی و بومەلەرزەزانی عێراق ڕایگەیاند "پێشبینی دەکرێت سبەینێ چوارشەممە، لە هەرێمی کوردستان، ئاسمان ساماڵ و پەلە هەور بێت، هەروەها لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ سێشەممە دەبێت."
دەستەی کەشناسیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "ڕۆژی پێنجشەممە، کەشوهەوا نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان هاوشێوەن و لە ناوچەی باشووریش کەمێک بەرزتر دەبێتەوە."
ڕاشیگەیاند "کەش و هەوای ڕۆژی هەینی ساماڵ بۆ نیمچە هەور دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و باشوور لە پلەی گەرمای ناوچەی ناوەڕاست نزیک دەبێتەوە"، بەڵام بۆ ڕۆژی شەممەی داهاتوو لە ناوچەکانی ناوەڕاست و هەرێمی کوردستان نیمچە هەور بۆ هەوری تەواو دەبێت."
دەستەی کەشناسیی عێراق باسی لەوەش کرد "بەرزترین پلەی گەرما بۆ سبەینێ چوارشەممە، لە بەغدا و دیالە 19 پلە دەبێت، لە دهۆک و کەرکووک 16 پلە و لە هەولێر و نەینەوا و سەلاحەدین 17 پلەی سیلیزی دەبێت، هەروەها لە کەربەلا 20 پلە و لە نەجەف دیوانیە، میسان، بابل و واست 21 پلە سەبێت، لە بەسرە و موسەننا 22"،
دەشڵێت: "نزمترین پلەی گەرما لە میسان 9 پلە و موسەننا 8 پلە و بەغدا 4 پلە و دهۆک و هەولێر 5 پلە، لە سلێمانییش نزمترین پلەی گەرما دەگاتە سفر پلەی سیلیزی."