تورکیا: هەوڵی کوشتنی سکرتێری سەرۆک کۆماری عێراق دراوە
مێدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق لە توركیا بە چەقۆ بریندار کراوە.
پێگەی جمهوریەتی توركیا بڵاوی كردووەتەوە "لە كۆتایی مانگی ڕابردوو سەباح عومەر، سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق لە شاری ئیستانبوڵ، بە چەقۆ هێرشی كراوەتە سەر و بریندار كراوە."
ئاماژەی بەوەش داوە "سکتێری سەرۆک کۆماری عێراق، لە چێشتخانەیەكدا نانی خواردووە، ناسنامەی دیپلۆماسی خۆی بەكار هێناوە و پارەی نەداوە، كارمەندێكی چێشتخانەكە دوای دوو ڕۆژ دوای کەوتووە و بە چەقۆ هێرشی كردووەتە سەری و برینداری کردووە."
سەباح عومەر، سكرتێری سەرۆك كۆماری عێراق، سکالای لەسەر هێرشبەرەکە لای پۆلیسی توركیا تۆمار كردووە و ئێستە دۆخی تەندروستیی جێگیرە.
ڕاشیگەیاند "ئەوەی جێی سەرنجە تا ئێستە لەلایەن سەرۆكایەتیی كۆمار و بەرپرسانی عێراقەوە، هیچ ڕوونكردنەوەیەك لەسەر ئەو بابەتە نەدراوە و بێدەنگن لێی."