لە عێراق ڕۆژێک پشوو ڕاگەیەنرا

بە بۆنەی پرۆسەی ئازادکردنی عێراق لەژێر دەستی داعش، ڕۆژی سێشممەی داهاتوو لە سەرجەم دامودەزگەکانی حکوومەتی عێراق پشووی فەرمی دەبێت.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا، کە ڕۆژی سێشممەی داهاتوو ڕێکەوتی 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، بە بۆنەی ئازادکردنی عێراق لەژێر دەستی ڕێکخراوی داعش، لە سەرجەم دامودەزگەکانی حکوومەت پشووی فەرمی بێت.

بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، لە ڕۆژی 10ـی کانوونی یەکەمی 2017،  سەرکەوتن بەسەر ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش تۆمار کرا و وڵاتەکە لەژێر دەستی گرووپەکە ئازاد کرا.

لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 چەکدارانی ڕێکخراوی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاكی عێراق و توانییان دەست بەسەر بەشێکی زۆری خاکی وڵاتەکەدا بگرن، پاشان بە فەرمانی حکوومەتی ئەو کاتی عێراق و بە فەرمانی سەرۆک بارزانی، سوپای وڵاتەکە و هێزەکانی پێشمەرگە خرانە حاڵەتی ئامادەباشی و توانیان ڕووبەڕووی چەکدارەکانی ڕێکخراوەکە ببنەوە.