لاهور جەنگی: سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی داخڵکردنی 5 هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە

لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی
لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی

سەرۆکی لیستی بەرەی گەل ڕایدەگەیەنێت، دوو مانگ لەمەوبەر، سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی پێنج هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوەتە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل، بۆ داخلكردنیان لە مەرزی پەروێزخان و پێشەکی پارەکەی خۆی بە نەقدی لە دوو بازرگانەکە وەرگرتووە.

ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2024، لاهور شێخ جەنگی، سەرۆکی لیستی بەرەی گەل و هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە دا، لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ئیدارەی گشتی داوای لە خاوەن ئۆتۆمبێلە بێ مۆڵەتەکان کرد ئەگەر ئاڵا و وێنەی سەرۆکی یەکێتی لە ئۆتۆمبێلەکانیان بدەن بۆ بانگەشە، ئەوا کێشەیان نابێت لە داهاتوودا، ئەوانیش بە قسەیان کردن و ئۆتۆمبێلەکانیان سەوز پۆش کرد.

هاوکات گوتی: کەچی ئێستا هەر خۆی بڕیاری داوە هەر کەسێک ئەو ئۆتۆمبێلانەی کڕیبێت و لەسەر شەقامەکان بێت، دەبێت دەستگیر بکرێت.

باسی لەوەش کرد، دوو مانگ پێش ئێستا سەرۆکی یەکێتی مۆڵەتی 5 هەزار ئۆتۆمبێلی خوار مۆدێلی ڕێگەپێدراوی داوە بە دوو بازرگانی ئۆتۆمبێل بۆ داخڵکردنیان لە مەرزی پەروێزخان، پێشەکی پارەکەی خۆی بە نەقدی لە دوو بازرگانەکە وەرگرتووە.

لاهور جەنگی باسی لە داهاتی مەرزەکانی "خەتی تایبەتی سەرۆک" و بازگەکانی کرد و ئاشکرای کرد، داهاتەکانیان زیاتر لە 150 ملیۆن دۆلاری مانگانەیە، واتە نزیکەی 2 ترلیۆن و 300 ملیۆن دینارە.