قاوە خواردنەوە پیربوون دوادەخات
توێژینەوەیەک لە گۆڤاری "Ageing Research Reviews"، بڵاو بووەتەوە کە بەم دواییە دەرکەوتووە ڕەنگە هەندێک خوو پەیوەست بن بە زیادبوونی تەمەن و کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی درێژخایەن کە پەیوەندییان بە پیربوونەوە هەیە.
توێژینەوەکە دەریخستووە خواردنەوەی قاوەیەک بە بەردەوامی دوو ساڵ لە تەمەن درێژ دەکاتەوە.
توێژەران هەموو زانیارییە بەردەستەکانیان سەبارەت بە قاوە و کاریگەرییەکانی لەسەر تەندروستی شیکردەوە، هەروەها یەکەم شیکاری گشتگیریان لەبارەی کاریگەرییەکانی و پێکهاتەکانی لەسەر پرۆسەی پیربوون خستەڕوو.
ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن قاوە پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسی تووشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی درێژخایەن هەیە، وەک نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، هەندێک جۆری شێرپەنجە، شەکرە، خەمۆکی.
سەرەڕای سوودە تەندروستییە سەلمێنراوەکانی، بەڵام هێشتا بە تەواوی ڕوون نییە کە چۆن قاوە دەتوانێت کاریگەریی ئەرێنی لەو شێوەیەی هەبێت.
توێژەران ئاماژەیان بەوەشکردووە، قاوە زیاتر لە دوو هەزار پێکهاتەی تێدایە، هەندێکیان کاریگەری دژە هەوکردنیان هەیە، هەندێکی تریش وەک دژە ئۆکسێنەر کاردەکەن. هەردوو جۆری ئاوێتە دەتوانن کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستیی و تەمەنی ژیانیان هەبێت.
هەروەها قاوە ڕێژەیەکی بەرزی کافاین و ترشی کلۆرۆجینیکی تێدایە، ئەو پێکهاتانەی، دەرکەوتووە پارێزگاری لە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان و شەکرەی جۆری دووەم دەکەن، ئەمە جگە لەوەی هەوکردن کەم دەکاتەوە.
سەرەڕای ئەوە، ترشی کلۆرۆجینیک پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی دڵەڕاوکێ و فشارەوە هەیە، و وەک چارەسەرێکی ئەگەری بۆ نەخۆشی فشاری دوای کارەسات (PTSD) پێشنیار کراوە.
توێژەرانی زانکۆی کۆیمبرا لە پورتوگال دەڵێن "پێویستە قاوە بە گەنجینەی سوودە تەندروستییەکان بزانین کە دەتوانێت بەشداربێت لە بەرزکردنەوەی کوالیتی ژیان، بەتایبەتی لە ساڵانی زێڕین".